پیر شێرۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگال، لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تی ڤی، باسی پڕۆژە و چاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سنووری شنگال دەكات، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە “مانگ لەگەڵ مانگدا ژمارەی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و هاریكاریبەخش لە كوردستان كەمتر دەبن و كەمبوونەوەی هاوكاریی ڕێكخراوەكانی بیانییش، ئەركی دەزگای خێرخوازیی بارزانی قورستر كردووە”.
پیر شێرۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگال، لە ڕێكەوتی 29\6\2025 لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تی ڤی، ڕایگەیاند: “لە دوای كارەساتی ساڵی 2014 كە چەكدارانی داعش بەرانبەر بە ئێزدییان تاوانی كۆمەڵكوژییان ئەنجام دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك یەكەم دەزگا و ڕێكخراوی هاریكاریبەخش لە ڕێگەی كۆپتەرە هاوكارییەكانی بە چیای شنگال گەیاند، كە ژمارەیەكی زۆری كوردانی ئێزدی بە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو پەنایان بۆ بردبوو.
پیر شێرۆ، ئەوەشی خستەڕوو كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2015 ئۆفیسێكیان لەسەر چیای شنگال كردەوە. لەبەر ئەوەی خەڵكی ئاوارە لە چیای شنگال، پێویستی بە ئاوی خواردنەوە و خواردن و جلوبەرگ و خێوەت هەبوو.
وەك باسیكرد، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كاتێكدا كە شنگال ڕزگار نەكرابوو، بۆیە هەر لە چیای شنگال قوتابخانەیان دروست كرد، كارەبا و بیری ئاویش دابین كران. گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوای ڕزگاركردنی شنگالیش لە زۆر بواردا كار و چالاكی و پڕۆژەی هەبووە”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگال، جەختی لەوە كردەوە كە یەكێك لە گرنگترین پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی ئازیزانە، واتە ئەو منداڵانەی كە باوك، یان (دایك و باوكیش)یان لە دەست داوە، دەستی هاوكارییان پێگەیشتووە. كە نزیكەی 300 منداڵی ئازیزن و هەوڵ دراوە بە هیچ شێوەیەك لە خوێندن دانەبڕن.
سەبارەت بە سێكتەری پەروەردەش گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرنگییەكی باشی بە قوتابخە و پەروەردە داوە. ساڵانە وەك نەریتێكی دەزگا، لە هەموو كوردستان و لە شنگالیش پێداویستیی قوتابیان(جانتا و پەڕاوگە) بۆ قوتابیان دابین كراوە. پێداویستیی قوتابخانەكانیش وەك كەلوپەلی كارگێڕی و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان ئەنجام دراون. هەروەها ئەو قوتابییانەی كە ساڵانە دێنە پارێزگای دهۆك بۆ تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ، ئێمە هاوكاریمان كردوون.
پیر شێرۆ، ئەوەشی دووپات كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە زۆر بوار هاوكاریی خەڵكی نیازمەندی كردووە و تا هەنووكەش بەردەوامە، ڕۆڵی هاریكاری بەخەشەرانیشی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند، بەڵام هاوكات پێداگری لەسەر ئەوە كرد، “سەرەڕای ئەوەی متمانەیەكی گەورە لە نێوان بەخشەران و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دروست بووە، بەڵام كەمبوونەوەی هاوكاریی ڕێكخراوەكانی بیانی، ئەركی دەزگای خێرخوازیی بارزانی قورس كردووە، مانگ لەگەڵ مانگیشدا ژمارەی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و هاریكاریبەخش لە كوردستان كەمتر دەبن”.
سەبارەت بە سێكتەری تەندروستیش گوتی: “لە دەڤەری شنگال دوو نەخۆشخانەمان هەیە، یەك لە سەنتەری شنگال و یەك لە سنونێ.
بە هاوكاریی وڵاتی فەڕەنساش نەخۆشخانەیەكی دیكە دروست دەكرێـت، كە هێشتا كارەكانی تەواو نەبووە، لە هەموو گوندەكانی دەڤەری شنگالیش بنكەی تەندروستی هەیە”. هاوكات گازەندەی لە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ كرد، كە “تا ئێستا هەوڵی نەداوە، پزیشكی پسپۆڕ بۆ نەخۆشخانەكان دابین بكات”. گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی زۆر جار دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بۆ ناوەندەكانی تەندروستی لە دەڤەرەكە دابین كردووە. هەروەها هاوكاریی خاوەن پێداویستییانی تایبەتمان كردووە”.
سەبارەت بە هۆكاری ئەوەش كە ژمارەیەكی زۆری ئێزدییان تا ئێستاش لەناو كەمپەكان دەژین و ئامادە نین بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە، گوتی: “زۆربەیان ماڵ و خانوویان وێران بووە، هەروەها بە هۆی نەبوونی دەرفەتی كار ناچار بوون لە كەمپەكان بمێننەوە”.
بەمجۆرەش پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سنووری شنگال دەستنیشان كرد، كە بە هاوكاریی و هاوبەشیی بەخشەران ئەنجام دراون و زۆربەشیان بەردەوامن:
• پڕۆژەی گەڕانەوەی ژیان بۆ خەڵكی شنگال – كە خانوو بۆ ئەو خێزانانە دروست دەكرێن، كە سەرپەرشتی خێزانیان لە ژیان نەماوە.
• سەنتەری شنگال بۆ خولەكانی پەروەردەیی و پیشەیی – كە نزیكەی دوو هەزار كەس بەشدارییان تێدا كردووە و پڕۆژەی بچووكیان بۆ دروست كراوە. لەوانە بۆ دوو خانمی بەشداربووی خولەكان، شوێنی كار و ئامێر و تێچووی یەكساڵ كرێ شوێنی كاریان بە نرخی كارەبا و ئاویشەوە دابین كراوە.
• پڕۆژەی ماڵی گرنژین – كە لە ساڵی 2021 ـەوە لە شێخان، ئامێدی، شنگال بەردەوامە و تایبەتە بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئۆتیزم و هەوڵ دراوە بە سیستمێكی زانستیی جیهانی ڕاهێنانیان لەگەڵ بكرێت، بۆ ئەوە بتوانن تێكەڵ بە منداڵانی ئاسایی ببنەوە.
• پڕۆژەی سەنتەری خولی پیشەیی بە هاوكاریی ڕێكخراوی(IGFM)ی ئەڵمانی – كە بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بووە و 30 كەس (14 كچ و 16 كوڕ) بەشداری بوون، بۆ ئەوەی فێری پیشەیەك ببن. لە كۆتایی خولەكەش هەر یەك لەوانە كەلوپەلی پێویستیان پێدرا، چ لە ناو كەمپ و چ ئەوانەشی چوونە ناو شنگال، توانییان پڕۆژەیەكی بچووك بۆ خۆیان بكەنەوە.
پڕۆژەی دروستكردنی 20 خانوو بۆ ئەوانەی لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە، ئەولەوییەتمان بەوە داوە، هەروەها هاوكاریی تەندروستییان بۆ دەستەبەر دەكرێت.













