شاندى ڕێکخراوی گوندی ئاشتی و یەكێك لەو منداڵانەی كە بۆ چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی ئەڵمانیا كرابوون، سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن و ڕێکخراوی گوندی ئاشتی هاوکاری و پاڵپشتیی خۆیان بۆ منداڵانی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان دووپات دەكەنەوە، “پڕۆژەی کلینیکی گەڕۆکی پزیشکی” لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیش دەست پێدەكات.
ڕێکخراوی گوندی ئاشتی، بە سەرۆکایەتیی خاتوو(بیرگیت شتیفتار)، لەگەڵ زمناكۆ كە یەكێكە لەو منداڵانەی بۆ چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی ئەڵمانیا كرابوون، لە ڕێكەوتی 23\7\2025 سەردانی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێریان کرد و لە لایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی خاتوو(بیرگیت شتیفتار) و ڕێکخراوی گوندی ئاشتی كرد، لە هەمبەر هاریكارییە مرۆییەكانیان و دەستخۆشی لێكردن و خۆشحاڵیی خۆیشی لەوە دەربڕی، كە زمناكۆ دوای ماوەیەكی زۆر و وەرگرتنی چارەسەر لە وڵاتی ئەڵمانیا، گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و بە دیداری خانەوادەكەی شاد بووەتەوە.
هەر لەو سەردانەدا بڕیار درا، ڕێکخراوی گوندی ئاشتی هاوکاری و پاڵپشتیی ئەو منداڵانەی نەخۆش بکات، بۆ ئەوەی لە ناوخۆی وڵات چارەسەر بكرێن و نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام بدرێت. هەروەها “پڕۆژەی کلینیکی گەڕۆکی پزیشکی” لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بۆ خزمەتی زیاتری ئاوارە و پەنابەران لەم سنوورە دەستی پێکردووە.
ڕێکخراوی گوندی ئاشتی لە بواری تەندروستیی منداڵان چەندین پڕۆژەی هاوبەشیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە و لە ماوەی ڕابردوو ١٧ منداڵی کوردستان بە مەبەستی پشکنین و چارەسەری پزیشكی لە ڕێگەی ڕێکخراوی ناوبراو ڕەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا کراون.











