دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 18یەمین كۆبوونەوەی كەمە نەتەوەكان لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ بەشداری دەكات

ئاوات مستەفا ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەری دەزگا لە ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ٢٦/١١/٢٠٢٥ لە ١٨یەمین كۆبوونەوەی كەمە نەتەوەكان لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ لە جنێف بەشداری كرد.
كۆبوونەوەی كەمە نەتەوەكان لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ ساڵانە بەڕێوە دەچێت.
یەكەم بەیاننامە كە لەو كۆبوونەوەیە خوێندرایەوە بەیاننامەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو، كە تێیدا جگە لەوەی پشتگیری لە مافەكانی مرۆڤ بە گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كردووە، جەختی لەوە كردووەتەوە، هەرێمی كوردستان مودێلێكی باشی خستووەتە بەرچاو لە پاراستنی كەمە نەتەوەكان، كە نەك هەر پارێزراون، بەڵكو هەموو مافێكی ئابووری و سیاسی و ئایینییان مسۆگەر كراوە.
لە بەیاننامەكەدا داوا كراوە، ئەو مۆدێلەی پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان كە زۆر سەركەوتوو بووە و نموونەی لە هەموو جیهان زۆر كەمە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان زۆر ڕەوایە كە ئەوە لەبەر چاو بگرن.
هەروەها داواكراوە تاوانبارانی كۆمەڵكوژییەكان لە عێراق بەتایبەتی ئەوەی بەرانبەر جینۆسایدی ئێزدییەكان كراوە، پەڵكێشی بەردەم دادگا بكرێن و قەرەبووی ئەو خەڵكانە بكەنەوە كە لەو تاوانانە زەرەرمەند بوون.
لە بەیاننامەكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوە دووپات كراوەتەوە كە “باوەڕمان بە پاراستنی مافەكانی هەموو گەلان هەیە و دەسەڵاتداران و دەوڵەتمەداران پێویستە ڕێز لە هەموو كەمە نەتەوەكان بە هەموو ئایین و دینەكانەوە بگرن”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest