شاندێكی باڵای وڵاتی چین كە پێكهاتبوون لە (تسوی وی – باڵیۆزی کۆماری میللی چین لە عێراق، لیو جیون -کونسووڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان و جین شین – جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی چین)، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ١٥/١٢/٢٠٢٥ سەردانی خانەی کەلەپووری بارزانی لە قەڵای هەولێر كرد.
سەمیر نزاری – بەرپرسی هۆبەی کەلەپووری بارزانی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە گەرمی پێشوازی لە شاندەکە كرد و تیشكی خستە سەر چەند وێستگەیەك لە خەبات و تێكۆشان و كەسایەتیی ناسراوی نێودەوڵەتی و ڕابەری مەزنی كورد و کولتووری (ژنەڕاڵ مستەفا بارزانی)، ئەندامانی شاندەكەش تا ڕاددەیەك بە مێژووی كورد و كاریزمای بارزانیی نەمر ئاشنا بوون.
جین شین – جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی چین، مێژووی ڕابردووی كوردی بە مێژوویەكی درەوشاوە لە قەڵەم دا و هەر لەو بارەیەوە گوتی: “نەتەوەی کورد گەلێکی دەوڵەمەندن بە کەلەپوور و مێژووەکەیان دیارە. من ئاشناییم بە ناوی بارزانى هەیە، سەرسامم بە کاریزما و کەسایەتییەکەی. بۆیە ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گرنگیدان بە کەلەپووری بارزانی و ناسنامەی فەرهەنگی کورد بە کارێکی پیرۆز دەزانم”.
خانەی کەلەپووری بارزانی لە قەڵای هەولێر، لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بنیاتنراوە و ڕۆژانە پێشوازی لە سەردانیكاران دەكات، كە زۆر جار كەسانی بیانی و گەشتیار و كەسایەتیی سیاسی و دیپلۆماتكاری وڵاتانیش سەردانی ئەو شوێنە پیرۆزە دەكەن و پتر بە مێژووی كورد و ڕەوتی ڕابەرایەتیی شۆڕش و خەباتی ڕابردووی گەلی كورد ئاشنا دەكرێن.

















