نوژین ژیانی چەندین خێزان بە تەواوەتی دەگۆڕێت

پڕۆژەی نوژین، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی دەزگای خێرخوازيی بارزانی، لە ساڵی 2021 تا ئێستا 64 خێزان لێی سوودمەند بوون، کە 12 خێزانی هی ئەمساڵن (2026)، لەو پڕۆژەیەدا، گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە ژیانیان كراوە، نیاز وایە پڕۆژەكە لە دوای ڕەمەزانیش بەردەوام بێت و خێزانی نیازمەندی زیاتر لێی سوودمەند دەبن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە پڕۆژەی نوژین ئاوڕ لەو خێزانانە دەداتەوە کە بارودۆخی داراییان زۆر خراپە و ناتوانن پێداویستیی ڕۆژانەیان دابین بکەن. پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ کەناڵی کوردستان 24 هەر جارەو خیزانێکی هەژار بەسەر دەکاتەوە و هەوڵ دەدات، سەرجەم پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات و لە هەژاری ڕزگاریان بکات.
نوژین، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لە ڕێگەی بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونەوە لە سەرۆکایەتیی دەزگا، بەردەوام چاودێریی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان و پابەندبوونەكان بە پلانی پەسەندکراو دەكات.
پلانی پڕۆژەكە وایە خانوویەكی شایستە (بە كڕین، یان دروستكردن و بە تەواوی كەلەپەلی ناوماڵەوە) بۆ خێزانێكی بێدەرەتان و لێقەوماو، یان بێسەرپەرشت دابین دەكرێت. هەروەها هەر ئەندامێكی خێزانەكە ئەگەر نەخۆشییەکی هەبێت، سەرجەم تێچووی چارەسەری نەخۆشییەکەی بۆ دابین دەكات. هاوكات ئەگەر هەر منداڵێک لە خێزانەکە بەهۆی کەمدەرامەتییەوە لە خوێندن دابڕابێت، پڕۆژەكە هەلی خوێندنی بۆ دەڕەخسێنێت و سەرجەم تێچووەکەشی لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2021 دەستی پێكردووە و ژمارەی سوودمەندان لە ساڵانی ڕابردوو بەمجۆرە بوون:
9 خێزان لە ساڵی 2022
13 خێزان لە ساڵی 2023
15 خێزان لە ساڵی 2024
15 خێزان لە ساڵی 2025
12 خێزان لە ساڵی 2026
پڕۆژەی نوژین، لە سنووری هەموو نووسینگەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە(هەولێر، دهۆك، سلێمانی، كەركووك، گەرمیان و خانەقین، ئیدارەكانی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ، لە پاڕێزگای نەینەواش لە سنووری مووسڵ) بە بێ جیاوازیی ئیتنی و نەتەوەیی و ئایینی و ئینتیمای حزبی، توانیویەتی ژیانی دەیان خێزانی لێقەوماو و بێدەرەتان بە تەواوەتی بگۆڕێت و ژیانێكی ئاسوودە و شایستەیان پێ ببەخشێت.
ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest