لە یەکەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی نەشتەرگەریی منداڵان، قەڵغانی ڕێزلێنان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشکەش دەکرێت.
یەکەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان لە کوردستان ـ عێراق، لە هەولێر بە بەشداریی ژمارەیەک لە پزیشک و پسپۆڕانی بواری نەشتەرگەریی منداڵان و شارەزایانی بواری تەندروستی بەڕێوە دەچێت و قەڵغانی ڕێزلێنان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشکەش دەکرێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی گرنگیدان بە بواری تەندروستی و بەتایبەتی تەندروستیی منداڵان، بەشداری لە یەکەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان لە کوردستان ـ عێراق کرد. د. ئیبراهیم سەمیین، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، فەرزین بەگزادە، سەرپەرشتیاری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و هۆبەی ئاساییی دەزگا، د. عەباس ئازاد، بەرپرسی یەکەی تەندروستیی دەزگا و ژمارەیەک لە پزیشکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفڕانسەکە بەشدار بوون.
کۆنفڕانسەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان لە کوردستان ڕێکخرا و لە ڕۆژانی ۳ و ٤ی ئەیلوولی ۲۰۲٦ لە هۆتێل دیڤان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
هەر لەم کۆنفڕانسەدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان لە کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ کاری پێکەوەیی لە بواری نەشتەرگەری بۆ منداڵان واژۆ کرا، هاوكات قەڵغانی ڕێزلێنان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشکەش کرا، لە پای ئەو خزمەتە بەرفراوان و بەرچاوەی کە لە بواری تەندروستی و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشکەشی کردوون.
زیاتر لە 200 پزیشکی پسپۆڕی ناوخۆیی، عێراقی و نێودەوڵەتی بەشدارییان لەم کۆنفڕانسە کرد و 20 توێژینەوەی نوێی ئەکادیمی و چەندین وانەی زانستی و وتاری کلینیکی پێشکەش کران. بابەتەکان زیاتر سەرنجیان خستبووە سەر نوێترین پێشکەوتنەکان لە نەشتەرگەری و چارەسەری نەخۆشییەکانی منداڵان. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆنفڕانسەکە، ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و زانیاری لەنێوان پزیشکان و توێژەران و پەرەپێدانی تەکنیکەکانی نەشتەرگەریی منداڵان بوو.
وەک د. عەباس ئازاد، بەرپرسی یەکەی تەندروستیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی کرد: “کۆنفڕانسەکە هەلی گونجاوی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و زانیاریی زانستی لەنێوان پزیشکان و پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕەخساند، هەروەها نوێترین پێشکەوتنەکان و شێوازە نوێکانی نەشتەرگەری و چارەسەری نەخۆشییەکانی منداڵان خرانەڕوو”. ئەوەشی خستەڕوو کە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان لە کوردستان، پردێکی متمانەپێکراوی هاوکاری و هەماهەنگی دروست دەکەن، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی ئەو منداڵانە بکرێت کە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە”.
هەر لە شوێنی کۆنفڕانسەکەدا، ستاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو بە شوێنی دیدار و پێزانین و بەشداربووان بە گەرمی سەردانی ستاندی دەزگایان دەکرد و سوپاس و پێزانینی خۆیان دەردەبڕی و ڕۆڵ و هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان لە پشتیوانیی بواری تەندروستی و خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بەرز دەنرخاند.
بەشداریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفڕانسێکی پسپۆڕانەی لەم جۆرەدا، جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگیی تەندروستیی منداڵان و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و تەندروستییەکان، بە مەبەستی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دابینکردنی ژیانێکی تەندروستتر بۆ منداڵان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە پشتگیری و پەرەپێدانی چالاکییە تەندروستییەکان و هەموو ئەو هەنگاوانەی کە لە پێناوی خزمەتکردن بە مرۆڤ و بەتایبەتی منداڵان هەڵدەگیرێن.
ئا: سالار بابەشێخ




















