دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ههمیشه پاراستنی هەوای پاكی، به بەرپرسیارێتییەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی داناوه. له ڕۆژی جیهانیی هەوای پاک و ئاسمانی شین؛ پێویسته “بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش بۆ ژیانێکی تەندروستتر” بههای تهوای پێ بدرێت و ههمووان كاری پێكهوهیی بۆ بكهن.
هەموو ساڵێک لە 7ی ئەیلوول، زۆربهی وڵاتانی جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی هەوای پاک دەکهنهوه. ئەم ڕۆژە لە ساڵی 2019 لەلایەن کۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وهك ڕۆژی جیهانیی هەوای پاک بۆ ئاسمانی شین کرا و لە ساڵی 2020ەوە یادکردنەوەی ساڵانەی ئهنجام دراوه.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، به پێویستی دهزاێت ئەم ڕۆژە ببێته ههوێنی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی سەبارەت بە مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا و هاندانی هەموو تاک و دامەزراوەکان بۆ هەنگاونان لە پێناوی باشترکردنی کوالێتیی هەوا و پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە.
هەوای پاک یەکێکە لە سەرەکیترین پێداویستییەکانی ژیان و بنەمایەکی گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ و ژینگەیەکی ساخڵهم. دیاره لەگەڵ پەرەسەندنی شارنشینی، زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان و کارگە و چالاکییە پیشەسازییەکان، هەروەها سووتاندنی ماددە زیانبەخشەکان، پیسبوونی هەوا بووەتە یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی ژیانی مرۆڤ كه ههڕهشه له “تهندروستیی مرۆڤ و ئاژهڵ و پهلهوهر و ڕووهك و ههموو بوونهوهرێك دهكات.
لە ڕۆژی جیهانیی هەوای پاکدا، پێویسته گرنگیی پاراستنی هەوا و کەمکردنەوەی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە بكرێته بانگەوازێک بۆ هەموو تاک و دامەزراوەکان، بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لە پێناوی ژینگەیەکی پاکتر و داهاتوویەکی تەندروستتر هەنگاو بهرچاو بنێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەک دامەزراوەیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی، باوەڕی بەوە هەیە کە خزمەتکردن بە مرۆڤ تەنیا بریتی نییە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، بەڵکو پاراستنی ژینگە و دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و ساخڵهمیش بەشێکی گرنگە لە بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکان.
لەو ڕوانگەیەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی چالاکییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا، گرنگی بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و پاڵپشتیی هەوڵەکانی پاراستنی ژینگە دەدات. چونکە ژینگەی پاک، بناغەیەکی سەرەکییە بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروست و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.
پاراستنی هەوای پاک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دەستپێکی ئەم بەرپرسیارێتییە لە هەنگاوە بچووکەکانەوە دهستپێدهكات؛ وەک کەمکردنەوەی هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا، پاراستنی دارستان و سەوزاییەکان، زیادکردنی ڕووەک و درەخت و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگە.
لە ڕۆژی 7ی ئەیلوولدا، پێویستە هەموومان پەیمان نوێ بکەینەوە کە كار بۆ پاراستنی ژینگە و هەوای پاک بكهین، لهبهر ئهوهی
بوونی هەوای پاک، مافێکی سەرەتایی هەموو مرۆڤێکە و پاراستنی، بەرپرسیارێتیی گشتییه و پێویسته بۆ گهیشت بهو ئامانج پلان و پڕۆژهی تایبهتمان ههبێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی هەموو هەوڵ و چالاکییەک کە ئامانجیان پاراستنی مرۆڤ، ژینگە و دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ کۆمەڵگە بێت. بهتایبهتی كه به پێی سەرچاوەكانی WHO و UNEP
%99 ـی دانیشتووانی جیهان لە شوێنێک دەژین کە کوالێتیی هەوای تێیدا لە ئاستی ڕێنماییەکانی WHO خراپترە.
6.7 ملیۆن مردنی پێشوەختە لە ساڵێکدا پهیوهندی به پیسبوونی هەوای دەرەوە و ناوماڵەوە ههیه.
نزیکەی 2.4 ملیار کەس سووتەمەنیی پیسکەر بۆ چێشتلێنان و گەرمکردنەوە بەکاردەهێنن.
ئەگەر هەنگاوی جددی نهبێت، مردنە پێشوەختەکانی پەیوەندیدار بە پیسبوونی هەوای دەرەوە دەتوانێت تا 2050 زیاتر لە 50% زیاد بکات.










