دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دوو پڕۆژەی گرنگی پەروەردەیی ڕادەگەیەنن

بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی میدیایی، دوو پڕۆژەی گرنگی بواری پەروەردە ڕاگەیەنرا؛ یەکەم پڕۆژە نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی 15 قوتابخانە، كه‌ بە تەواوی جێبەجێ کراوە و بۆ ساڵی نوێی خوێندن ڕادەستی بەکارهێنەرانی کراون، پڕۆژەی دووەم، کە دابینکردنی 170 هەزار ڕەحڵەی قوتابخانەیە، كه‌ سبه‌ی دەست بە جێبەجێکردنی ده‌كرێت و به‌ چه‌ندین قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
کۆنگرە میدیاییەکە لەبەردەم قوتابخانەی بنەڕەتیی شەفەق، کە یەکێکە لە 15 قوتابخانە نوێکراوەکان، له‌ ڕێكه‌وتی 22ی ئه‌یلوول بەڕێوەچوو و تێیدا گرنگیی هاوبەشیی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی پەروەردە بۆ باشترکردنی ژینگەی خوێندن و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی قوتابخانەکان خرايەڕوو.
نوێکردنەوەی 15 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان
لە بەشی یەکەمی کۆنگرەکەدا، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە تەواوبوونی پڕۆژەی نۆژه‌نكردنەوە و ئامادەکردنی 15 قوتابخانە کرد کە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە جێبەجێ کراون و بۆ ساڵی نوێی خوێندن ڕادەست کراونەتەوە.
ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵەکانی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو و سەلامەت بۆ خوێندن و پەرەپێدانی ژێرخانی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان.

دابینكردنی 170 هەزار ڕەحڵە بۆ ناوەندەکانی خوێندن
هه‌ر له‌ ڕێوڕه‌سمه‌دا پڕۆژەی دابینکردنی 170 هەزار ڕەحڵە ــ مێز و کورسیی پێکەوەبەستراو ــ بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن سه‌رۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاگەیەنرا.
وه‌ك وه‌زیری په‌روه‌رده‌ باسیكرد، لە ئەنجامی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، زیاتر لە 340 هەزار قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن.
ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پشتیوانیی بواری پەروەردە و دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەکان جێبەجێ دەکرێت و بەپێی وتەی سەرۆکی دەزگا، هەوڵ دراوە هەموو کارەکان بە کوالێتییەکی باش و پێوەرەی گونجاو پێشکەش بکرێن.
42 پڕۆژە و 2,033 چالاکیی پەروەردەیی
لە بەشی دیکەی کۆنگرەکەدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بە بەرفراوانیی کار و چالاکییەکانی دەزگا لە بواری پەروەردە کرد.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن سەرۆکی دەزگاوە خرايەڕوو، لە ماوەی کارکردنی کۆمەڵە پڕۆژە پەروەردەییەکان، 2,033 چالاکیی پەروەردەیی لە سەرتاسەری کوردستان ئەنجام دراون و 42  پڕۆژە جێبەجێ کراون.
کۆی ژمارەی سوودمەندان لەم چالاکی و پڕۆژانە گەیشتووەتە 486 هەزار و 680 کەس و کۆی تێچوویان 19 ملیار و 99 ملیۆن و 747 هەزار دیناری عێراقی بووە.
لەو بڕە، 14 ملیار و 325 ملیۆن دینار لەلایەن ڕێکخراو و هاوبەشەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە؛ ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و هێنانی سەرچاوەی دارایی بۆ پشتیوانیی پڕۆژە پەروەردەییەکان لە کوردستان.
پشتیوانی لە مامۆستا و کادرە پەروەردەییەکان
لە هەمان چوارچێوەدا، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی کادرە پەروەردەییەکان کرد و ڕوونی کردەوە کە دەزگا لە ڕاهێنانی 1,515 مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەدا بەشدار بووە.
هەروەها ئاماژەی بەو هاوکارییە جۆراوجۆرانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد کە لە بواری نوێکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانە، دابینکردنی سیستەمی کارەبا به‌ وزه‌ی خۆر، دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابی و قوتابخانەکان و بوارەکانی دیکەدا ئەنجام دراون.
موسا ئەحمەد: پەروەردە لە گرنگترین بوارەکانی کاری دەزگایە
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە لێدوانه‌كه‌یدا بۆ میدیاكاران و ئاماده‌بووانی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ گوتی: دەزگا بە شانازییەوە بەردەوامە لە خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و پشتیوانیی بوارە گرنگەکانی ژیان، بە تایبەتی بواری پەروەردە.
ئاماژەی بەوه‌ش کرد کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، زۆرجار بە کار و خزمەتە مرۆڤدۆستانەکانی لە کاتی ڕوودانی بارودۆخە نالەبارەکان و کارەساتە سرووشتی و مرۆییەکاندا ناسراوە، بەڵام بواری پەروەردەش لە سەرەتای دامەزراندنی دەزگاوە یەکێک بووه‌ لە بوارە سەرەکییەکانی کار و خزمەتکردنی.
گوتیشی: لە ماوەی ئەم کار و چالاکییە پەروەردەییانەدا، دەزگا توانیویەتی بە هاوکاریی ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی هاوبەش، سەرچاوەی دارایی بۆ پڕۆژە پەروەردەییەکان دابین بکات.
سوپاسی وەزارەتی پەروەردە بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی
لە بەشێكی وته‌كانیدا، وەزیری پەروەردە بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرۆکی دەزگا موسا ئەحمەد، خۆبەخش و هاوبەشەکانی دەزگای کرد، بۆ ئەو هاوکاری و پشتیوانییەی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پەروەردەدا پێشکەشی وەزارەتی پەروەردە و قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
ئەو هاوکارییە لە کاتێکدا بەردەوامە کە وەزارەتی پەروەردە هەوڵ دەدات ژینگەی خوێندن و ژێرخانی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان باشتر بکات.
قوتابییەکانیش سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن
لە کۆتایی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، یەکێک لە قوتابیانی قوتابخانەی بنەڕەتیی شەفەق، بە نوێنەرایەتیی قوتابیانی قوتابخانەکە، به‌ ده‌نگ و ڕه‌نگ، تایبه‌ت بۆ میدیای دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی: سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەم بۆ ئەو خزمەتگوزارییەی پێشکەشی كردووین، ئێمەش بەڵێن دەدەین قوتابخانه‌كه‌مان بە پاکوخاوێنی ڕابگرین و بیپارێزین.
ئا: سالار بابه‌شێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest