دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێز لە هەڵوێستی هەموو کەسایەتییەکان دەگرێت کە لە چەند ساڵی رابردوودا درێغیان نەکردووە لە درووستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئاوارە و لێقەوماوان و رێکخراو و دەزگاکانی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی.
هەریەک لە بەڕێزان (د. دلاوەر خالید ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئەوروپا، کاروان تاهیر جەمال و خەسرۆ ئاژگەیی نوێنەر و کارمەندی باڵای نێونەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا) لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا جێپەنجەیان لە بواری مرۆییدا دیارە و رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ناساندنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە خەڵکی لێقەوماو و ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێزلێنانی پێشکەش بە هەرسێ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و هەوڵ و ماندوو بوونیانی بەرز نرخاند لە بەرەوپێشبردنی و پتەوترکردنی پەیوەندیی نێوان رێکخراوەکان و خەڵکی لێقەوماو و باشتر کردنی رەوشی ئاوارە و پەنابەران.
جێگای وەبیر هێنانەوەیە رێکەوتی ٧/٨/٢٠١٩ نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەشداری لە دیداری ساڵانەی گرووپی پەرلەمانتارانی دۆستی کورد لە پەرلەمانی بەریتانیا کرد بە بەشداری چەندین کەسایەتی کوردستانی و عێراقی.