رێکەوتی ٢٥/٢/٢٠٢٠ نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری کرد لە دیداری تایبەت بە میکانیزمی کارا بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، لەم دیدارەدا جگە لە بەرپرسانی حکومەتی فیدڕالی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەرانى لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، مامۆستایانى زانکۆ و ئەکادیمییەکان، ناوەندەکانى لیکۆڵینەوە و لێکۆڵەران ئامادە بوون.
مەبەست لەم دیدارە ئاراستەکردنى لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرەو شەفافیەت و بەرپرسیارێتى بۆ هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی درووست بۆ ئەو راسپاردانەى کە ئاراستەى عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن لەرووی پاراستنی سەروەری یاسا و حوکمڕانی باش.
بەڕێز کارزان نوری بەرپرسی بەشی پرۆگرام و پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دیدارەکەدا ئاماژەی بە دوو تەوەرەی گرنگدا کە کێشەی هەنووکەین لە بواری مرۆیی لە عێراق و گوتی: “یەکەێک لە کێشەکان بابەتی پێکهاتەکان بە تایبەت یەزیدی و مەسیحییەکانە کە بەهۆی کۆچکردنەوە ژمارەیان لە ناوچەکەدا کەم دەبێتەوە”
لە دێژەی وتەکانیدا بەڕێز کارزان نوری ئاماژەی بە دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد بۆ ناو کەمپەکان و مانەوەیانە لە کەمپەکاندا کە تیایدا بارودۆخی ژیانیان ئەستەمە و ئامادە نین چۆڵی بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا ئاوارەی نوێ هەروا روو لە کەمپەکانی نیشتەجێ بوون دەکەن، بەڕێزیان گوتیان پێویستە بەپێی دەستوری عێراق ئەو ئاوارانە بگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان و رەوشی ژیانیان باشتر بکرێت هەتاکوو ناچار نەبن دوو بارە ئاوارە ببنەوە و بەپێی بڕگەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە هەتاکوو لە داهاتوودا بەرەنگاری ئەو کۆسپانە ببینەوە.
ئەرکی ئەم کۆنفرانسە گەیاندنی ئەو پێشنیارانەیە کە پەیوەندییان بە راسپاردە نێودەڵەتییەکانەوە هەیە و رونکردنەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چۆنیەتی گونجاندنی یاسا و تەشریعات و رێنماییەکان کە لە هەرێمەوە دەرچوونە. هەروەها گەیاندنی پەیامی هەریم بەم لایەنە نێودەوڵەتیانەیە لەگەڵ خستنەڕووی ئەو تەحەدیاتانەی کە رووبەڕووی هەرێم دەبنەوە لە میانەی جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.