هەولێر… هاوكاری بەسەر 290 خێزانی كەمپی هەرشەمدا دابەش كرا

رێككەوتی 1/9/2021 لە كەمپی هەرشەم لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی بەڕێزان (نی روچی) قونسوڵی گشتی وڵاتی چین لە هەرێمی کوردستان و (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تیشكیان خستە سەر ئەو كارو پرۆژانەی كە وڵاتی چین لەڕێگەی كۆنسوڵخانەوە پێشكەشی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە و دواتر هاوكاریی ئەو وڵاتەیان پێشكەشی دانیشتوانی كەمپی هەرشەم كرد.

پەیوەندی نێوان وڵاتی چین و حكومەتی هەرێمی كوردستان توتدوتۆڵتر بووە

لەسەرەتای پرێس كۆنفرانسەكەدا قونسوڵی گشتی وڵاتی چین وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەدا: لەسەرەتای دامەزراندنی كونسوڵگەری كۆماری میللی چینی لەساڵی 2014 لە شاری هەولێر، ئێمە لەگەڵتان بووین و لەگەڵتان جەنگاین لەشەڕی دژ بە داغش و چەندین كارو چالاكیمان ئەنجامداوە. لەدوو كاروانی هاوكاری كە ئێمە پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان بەخشیوە لەوانە لەوانە كەلوپەلی پزیشكی و مۆلیدەی كارەبایی بوونە، هەروەها لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆڤید19 وڵاتی چین یەكەم وڵات بووە كە هاوكاری پزیشكی پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین و شانازیی پێوە دەكەین، تاكو ئێستا وڵاتی چین زیاتر لە 2ملیۆن ماسك و 130 هەزار قورچكی ماسك و 10هەزار بۆكسی پشكنینی پێشكەشكردووە لەگەڵ چەندین كەرەستەی دیكەی پزیشكی.
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد: لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیوەندی نێوان وڵاتی چین و حكومەتی هەرێمی كوردستان توتدوتۆڵتر بووە و پێكەوە دەجەنگین لەدژی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەروەها لەبوارەكانی ئاوەدانكردنەوەو ئابووری و خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتیدا هاوكار دەبین.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاسانكاریی زۆری بۆ كردووین

دواتر بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە كەمپی هەرشەم بەهاوكاری لەگەڵ بەڕێز قونسوڵی وڵاتی چین واژووی وەرگرتنی (1500) پاكێچی جلوبەرگ و پێداویستیمان كرد، خۆشحاڵین كە هەمیشە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەو هەماهەنگییەی كە هەیە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی دانیشتوانی ئەم كەمپانە، بەڵام گەیاندن و رێكخستنی هاوكارییەكان، ئەگەر تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری حكومەت نەبوونایە بەدڵنیاییەوە نەماندەتوانی وەك پێویست ئەو هاوكارییانە بگەیەنین. هەروەها سوپاسی وڵاتی چین دەكەین كە بەردەوام پێشەنگبوونە لەگەیاندنی هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان، یەكەم وڵات بوون كە ڤاكسینیان لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كردووە، لە ئێستادا وەك پرۆسەیەك زیاتر لە 130 هەزار ژەمە ڤاكسینیان دابینكردووە.2

رەوشی پەنابەر و ئاوارەكان لەڕووی دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان نالەبارە

دواتر بەڕێز (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پرێس كۆنفرانسەكەدا ئاماژەی بەوەكرد: زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی بەڕێزان قونسوڵی گشتی وڵاتی چینی میللی و بەڕێز پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ لێرەین بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەیەكی تر لەوانە دابینكردنی جلوبەرگ بۆ ئاوارە و پەنابەران جێگەی دڵخۆشی ئێمەیە، بەداخەوە زۆرێك لە رێكخراوەكان هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران كەمكردۆتەوە، بەتایبەتی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، دابینكردنی پێداویستییەكان لەئاستی پێویستدا نین و لەم ئان و ساتەدا دیسان قونسوڵگەری وڵاتی چین هاوكاریمان دەكەن، كە بەردەوام لە رەوشی هەرێمی كوردستاندا هاوكارمان بوونە، لەكۆتاییەكانی ساڵی 2014 ئەو هاوكارییانەی وڵاتی چین پێشكەشی ئاوارە و پەنابەران و وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە جێگەی پێزانینمانن و ئەم پاڵپشتییە هیوادارین بەردەوام بێت. رەوشی پەنابەر و ئاوارەكان لەڕووی دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان نالەبارە وەكو خواردن، داوا دەكەین وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی بەردەوام بێت لە دابینكردنی خۆراك بۆیان.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا: فەرمایشتەكانی سەرۆك بارزانی كە بەردەوام تەئكیدی لەسەر كردۆتەوە، ئاوارە و پەنابەران میوان نین، بەڵكو خاوەن ماڵن لەگەڵ ئێمە، ئێمە لەخزمەتدا دەبین ئەوەی لەتواناماندابێت خزمەتیان دەكەین، بەڵام پێویست دەكات هەموو لایەك پێكەوە هاوكاری زیاتریان پێشكەش بكەین.
هەروەها تیشكی خستەسەر ژمارەی دانیشتوانی كەمپەكان و رایگەیاند: لەئێستادا زیاتر لە 35 كەمپ لە هەرێمی كوردستاندا هەن و نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا هەن، ئەو قەیران و بارودۆخە نالەبارەی ئابووری و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر هاوكارییەكان هەبووە و هیوادارین رێكخراوەكان بەردەوام بن لەگەڵمان بە پێشكەشكردنی هاوكاری زیاتر بە ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest