رێككەوتی 26/8/2021 لە سەرۆكایەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئامادەبوونی بەڕێز (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەڕێزان (پ.د جەوهەر) سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین و (د.ئیدریس) راگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سەلاحەدین، رێوڕەسمی واژووكردنی گرێبەستی دروستكردنی بینای كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سەلاحەدین كە لەلایەن دەوڵەتی كوەیت و كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتی بڕی 3 ملیۆن و نیو دۆلاری ئەمەریكی بۆ تەرخانكرابوو، رێكخرا و دوابەدواش لە پرێس كۆنفرانسێكدا پوختەی پرۆژەكە و گرنگی پرۆژەكە كە یەكەمینجارە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر ئاستی خوێندنی باڵادا پرۆژەی وەها پڕ بایەخ ئەنجام دەدات خرایەڕوو.
قۆناغێكی نوێ لە كارو چالاكییەكانمان دەستی پێكرد
لەسەرەتای پرێس كۆنفرانسەكەدا، بەڕێز (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتەیەكی پێشكەشكرد و تیشكی خستەسەر راگەیاندنی پرۆژەی دروستكردنی باڵەخانەی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی سەر بە زانكۆی سەلاحەدین و رایگەیاند: زۆر سوپاس بۆ ئامادەبووانی بەڕێزان (پ.د.جەوهەر) سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین و (د.ئیدریس) راگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سەلاحەدین).
بەڕێز موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد:ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغێكی دیكەی پرۆژەكانی رادەگەیەنێت، كە پرۆژەیەكی جیاوازە لە پرۆژەكانی دیكە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەپێشوودا پێی هەڵساوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵیداوە لەهەموو بوارەكانی ژیان خزمەت پێشكەش بكات، بەتایبەتی ئەو پردە بەهێزە بین كە خەڵكی كوردستان و ئەو كەسانەی كە ناوی دەزگا و پەیامی دەزگایان خۆش دەوێت، چاویان لەوەیە كە پردێكی بەهێز بێت بۆ هەموو لایەنەكانی ژیان بەتایبەتی لەبواری پەروەردە و خوێندن، بەتایبەتی خوێندنی باڵا لەلای دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرنگی و بایەخی پێدراوە. ئەمڕۆ شانازی دەكەین كە ئەمڕۆ پرۆژەیەكی گرنگ رادەگەیەنین، بەتایبەتی لەم بارودۆخەكەدا كە بارودۆخێكی نالەباری ئابوورییە، ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سووك بكەین لەهەمانكاتیشدا خزمەتگوزای پێشكەشی هاووڵاتیانی كوردستان بكەین.
سوپاسی بێپایان بۆ دەوڵەتی كوەیت و كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتی
هەروەها سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەدرێژەی وتەكەیدا ئاماژەی بەوەدا: بەسوپاسی زۆرەوە بۆ بەڕێز قونسوڵی دەوڵەتی كوەیت و كە هەوڵێكی زۆری داوە بۆ بە ئەنجامگەیشتنی ئەم پرۆژەیە و هەروەها زۆر سوپاسی تایبەتی كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتی دەكەین كە لەو ماوەیەدا بەدرێژایی دروستبوونی رەوشی ئاوارە و پەنابەران، بەردەوام هاوكار و پشتیوانی پرۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوونە و جێگەیان دیارە و بەڕێزەوە تەماشای ماندووبوونیان دەكەین.
پرۆژەكە بە 17 مانگ تەواو دەبێت
لەبارەی جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی باڵەخانەی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی سەر بە زانكۆی سەلاحەدین، بەڕێز سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تیشكی خستەسەر چەند تەوەرێك و ئاماژەی بەوەدا: كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتی سپۆنسەری جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە دەكەن و بڕی سێ ملیۆن و نیو دۆلاری ئەمەریكیان تەرخانكردووە و لە هەمانكاتدا بۆ ماوەی 17مانگ پرۆژەكە تەواو دەبێت، كە بریتییە لە دروستكردنی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان، بەهەموو پێداویستییەكانەوە، ئەم پرۆژەیە لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەدین و ئەنجومەنی سەرۆكایەتییەوە پرۆژەكە ئامادەكراوە و لەكۆتایی پرۆژەكەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە قوتابی و خوێندكاران لەم پرۆژەیە سوود وەردەگرن و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە قوتابی تێیدا دەخوێنن و خوێندن تەواو دەكەن.
ئێمە خۆشحاڵین كە بووینەتە جێگەی متمانە و باوەڕی كۆمەڵێك لە دەستە و رێكخراوە خێرخوازییەكان لە ئاستی جیهانی ئیسلامی و وڵاتە ئەوروپییەكان كە وایكردووە رۆژ بە رۆژ پرۆژەكانی ئێمە گەورەتر و فراوانتر بن و بەردەوامبین لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.
پرۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبوارەكانی ژیاندا رەنگی داوەتەوە
دواتر بەڕێز (پ.د. جەوهەر فەتاح سەعید) سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین لەبارەی گرنگی پرۆژەكە وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: بەناوی سەرۆكایەتی و ئەنجوومەنی زانكۆی سەلاحەدین زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین كە بەردەوام لەبوارە جیاوازەكانی ژیان پرۆژەی خێرخوازیی ئەنجام دەدات، یەكێك لەو بوارەش ئەویش بریتییە لە دروستكردنی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سەلاحەدین، كە پێویستییەكی زۆرمان بەم كۆلێژە هەبوو، هیوادارین بتوانین پێكەوە ئەو پرۆژەیە لەماوەی دیاریكراودا جێبەجێ بكرێت، هەروەها زۆر سوپاسی كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتی دەكەین كە پاڵپشتێكی گەورەی ئەم پرۆژەیەن و بودجەیەكی گەورەیان بۆ دروستكردنی باڵەخانەكە تەرخانكردووە.
ئەم پرۆژەیە بایەخی زۆری هەیە
دواتر بەڕێز (د.ئیدریس قادر) راگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: زۆر سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سوپاسی هاوكاران دەكەم لەم دەزگا كە بوونەتە جێگەی متمانە بۆ وەرگرتنی ئەم پرۆژەیە بەهاوكاری لەگەڵ زانكۆی سەلاحەدین كە ئەویش دروستكردنی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان، ئەم پرۆژەیە گرنگی و بایەخی زۆری هەیە و زۆر پێویست بوون. سوپاسی زۆرمان بۆ كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتی هەیە كە جێپەنجەیان دیارە لەڕووی هاوكاری مرۆیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان. ئەم پرۆژەیە، یەكەم پرۆژەیە لەبواری خوێندنی باڵا دروست دەكرێت، كە جێگەی دەستخۆشی و پێزانینمانە.