كۆمه‌ڵگه‌ی دایك

“كۆمه‌ڵگه‌ی دایك”، تابلۆیه‌كی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاریی و میهره‌بانییه‌ كه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌ربه‌رزی سۆران ده‌ینه‌خشێنێت، باوه‌شێكی كراوه‌ی پڕ له‌ سۆزه‌ بۆ كه‌سانی خاوه‌ن پێدوایستیی تایبەت و لێقه‌وماو. ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ پێكدێت له‌ شه‌ش باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت به‌ په‌یمانگه‌ی نابینایان، په‌یمانگه‌ی نابیستان، سه‌نته‌ری ئۆتیزم، خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتان، خانه‌ی به‌ساڵاچووان، خانه‌ی كولتووری). هه‌ریه‌ك له‌م شه‌ش باڵه‌خانه‌یه‌ بریتین له‌ كه‌ڤاڵێكی مرۆیی ره‌نگڕێژكراو به‌ سۆز و خۆشه‌ویستیی دایكانه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن پێداویستیی تایبەتن.
كۆمه‌ڵگه‌ی دایك به‌ دڵێكی گه‌رم و ئامێزێكی پڕ‌ له‌ میهره‌بانی، ده‌بێته‌ ماڵی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ بێ ماڵن، به‌ دلۆڤانییه‌كی دایكانه‌ ده‌بێته‌ په‌ناگه‌ و باوه‌ش بۆ منداڵ و گه‌نج و پیری خاوه‌ن پێداویستیی تایبەت له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌ربه‌رزی سۆران.
كۆمه‌ڵگەی دایك له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌ركی جه‌نابی سه‌رۆك مسعود بارزانی بنیات نراوه ‌و له‌ ساڵی 2023 ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كردووه‌، خاوه‌نداریه‌تی و بەڕێوەبردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی. ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و كۆ‌مه‌ڵگه‌یه‌ بێ به‌رانبه‌ر و له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پێشكه‌ش ده‌كرێن.

   پەیمانگه‌ی نابینایان
دامەزراوەیەکی پەروەردەییە کە تایبەتە بە راهێنان، پشتگیری و خزمەتگوزاریی تایبەتمەند بۆ ئەو کەسانەی کە نابینا، یان کەمبینان. ئامانجی سەرەکیی ئەم پەیمانگه‌یه‌ بەرزکردنەوەی کوالێتیی ژیان و پێشخستنی سەربەخۆییە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی بینینیان هەیە، بۆ ئەوەی وەک هەر تاکێکی دیكەی کۆمەڵگە ژیانێکی ئاسایی بەڕێوەببەن.
پەیمانگەی نابینایان هەوڵدەدات بۆ ئاسانکاریکردن لە پەرەپێدانی توانا و کارامەییەکانی کەسانی نابینا تاکو بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بن کە پەیوەستن بە لاوازیی بینینیان. ئەم پەیمانگەیە بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی بەرفراوان پێشکەش دەکات، لەوانە پڕۆگرامی پەروەردەیی تایبەتمەند بەپێی پێداویستییەکانی فێرخوازی کەمبینا، فێرکاریی لە جووڵە و ئاراستەکردن، خوێندەواری برایه‌ل و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم.
جگە لەمانە، ئەم پەیمانگەیە ئامانجیەتی ژینگەیەکی پشتیوان و شیاو دروست بکات کە متمانە و سەربەخۆیی و ئاوێزانبوونی کۆمەڵایەتی لە نێوخۆی کۆمەڵگەی کەمبینادا فەراهەم بکات. بە پێشکەشکردنی سەرچاوە و راهێنان، پردێک لە نێوان جیهانی بینین و کەمبینادا دروست بکات، ئەمەش وا دەکات تاکی نابینا و کەمبینا بتوانن زۆرترین تواناکانیان بەدەست بهێنن و چالاکانە لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان بەشداری بكەن.

    پەیمانگه‌ی نابیستان
دامەزراوەیەکە کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستی و مافە تایبەتەکانی نابیستان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پەیمانگەیە بریتییە لە پەروەردەکردن و پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی توانای بیستن و ئاخاوتنیان نییە. ئەم دامەزراوەیە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی کوالێتیی ژیان و دەرفەتەکان و هۆشیاری کولتووریی تاکی نابیست. بە شێوەیەکی گشتی لەم پەیمانگەیە خزمەتگوزاریی شیاو پێشکەش دەکرێت لەوانە: پەروەردە، راهێنانی پیشەیی، راوێژکاریی، داکۆکیکردن و بەرنامەی کولتووری کە زمانی ئاماژە و توانستی پەیوەندی بەستنی کەسی نابیست لەگەڵ دونیای دەرەوە بەرەوپێش دەبەن.
لەم پەیمانگەیە جەخت دەکرێتە سەر بەهێزکردنی توانا و بەهرەی تاکی نابیست و دابینکردنی ئەو ئامراز و سەرچاوانەی کە پێویستیانە، ئەمەش بە فەراهەمکردنی کەرەستەکانی پەروەردەی زمانی ئاماژە و تەکنەلۆژیای یارمەتیدەر و پڕۆگرامی بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی. ئامانجێکی دیكەی ئەو پەیمانگەیە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ناو کۆمەڵگە بۆ رێزگرتن لە نابیستان و پاراستنی مافەکانیان.

    سەنتەری ئۆتیزم
سه‌نته‌ری ئۆتیزم لە كۆمه‌ڵگه‌ی دایك، یه‌كه‌مین سه‌نته‌ری خێرخوازییه‌ له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی خاوه‌نداریه‌تی ده‌كرێت. سه‌نته‌ری ئۆتیزم به‌ ستافێكی راهێنراو كار له‌سه‌ر شیاندنه‌وه ‌و راهێنانى منداڵانی ئۆتیزم ده‌كات، توانای سه‌نته‌ری ئۆتیزم بریتییه‌ له‌ له‌خۆگرتنی 50 منداڵی شەبەنگی ئۆتیزم له‌ ته‌مه‌نی نێوان 3 بۆ 6 ساڵ.
ئەو خزمەتگوزارییانەی لەم سەنتەرە پێشکەش دەکرێن، بریتیین لە هەڵسەنگاندن، پشکنین و دەستنیشانکردنی ئۆتیزم و توندیی و جۆرەکەی. هەروەها دانانی بەرنامەی شیاوی راهێنان و فێرکردنی تایبەت بە مەبەستی هاندانی منداڵانی ئۆتیزم بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە نێو دامه‌زراوه‌كانی خوێندن، یان بە شێوەیەکی نیمچە سەربەخۆ لە نێو کۆمەڵگە بژین.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەنتەری ئۆتیزم ئەوەیە کە بە شێوازی فرەپسپۆڕیی کاردەکات، گرووپی سەنتەری ئۆتیزم پێکدێت لە: پزیشکانی پسپۆڕی دەروونی، پسپۆڕی منداڵان، پسپۆڕی مێشک و دەمار، مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت، چارەسەرکاری زمان و ئاخاوتن، چارەسەرکاری جەستەیی و مامۆستای میوزیک و هونەر. هەموو ئەم پسپۆڕییانە بەیەکەوە بەشداری دەکەن لە داڕشتن و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی شیاوی راهێنانی دایباب و خانەوادەی منداڵانی ئۆتیزم بۆ ئەوەی لەلایەک هۆشیارییان دەربارەی ئۆتیزم بەرزبێتەوە و لەلایەکی دیكەش بەشدار بن لە پرۆسەی راهێنان و هاندانی منداڵەکانیان. ئەمە بێجگە لەوەی ئامانجێکی دیكەی سەنتەری ئۆتیزم بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە نێو کۆمەڵگە بۆ تێگەیشتن لە ئۆتیزم و رێزگرتن لە جیاوازییان و رێگەگرتن لە مامەڵەی خراپ لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزم و خانەودەکانیان.

     خانەی بێسەرپەرشتان :
خانەی بێسەرپەرشتانی کۆمەڵگەی دایک، سۆزێکی دایکانە دەبێت بۆ لەباوەشگرتنی ڕۆڵەکانی بێسەرپەرشت لە سنووری سۆران، دەبێتە ماڵێکی ئارام و شوێنی حەوانەوە و ژیان و پەروەردەکردنی ئەو منداڵانەی بە هەر هۆکارێک هەردوو باوانیان،، یان یەکێکیان لە دەست داوە و پێویستیان بە پەناگەیەکی ئارامە بۆ ژیان و گەشە و فێربوون.
خانەی بێسەرپەرشتانی کۆمەڵگەی دایک، دەبێتە ئەو ژینگە تەندروست و ئارامەی کە بێسەرپەرشتان تیایدا ده‌رفەتی مانەوە و خەوتن، خۆراک، پەروەردە، فێربوون، وەرزش و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ دەڕەخسێندرێت و دەبنە بەشێک لە خێزانە جوانەکەی کۆمەڵگەی دایک و خزمەت دەکرێن، تاکو تەمەنێکی دیاریکراو و تەواوکردنی خوێندن.

      خانەی بەساڵاچووان :
خانەی بەساڵاچووانی کۆمەڵگەی دایک، ئەرکی چاودێری و خزمەتی ئەو بەساڵاچووانە دەگرێتە ئەستۆ کە کەس و شوێنێکی دیاریکراویان نییە لێی بژین و پێویستیان بە چاودێری و خزمەتە. لە پەنای خزمەتکردنی نەوەکانی دواڕۆژ لە خانەی بێسەرپەرشتان، کۆمەڵگەی دایک دەبێتە ئەو خێزانە گەورەیەی کە خزمەتی نەوەی کۆنی ئەم دەڤەرەش بکات کە بەشێکن لە کولتوور و مێژووی ئەم ناوچانە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەرکی خانەی بەساڵاچوون بریتی دەبێت لە دابینکردنی پەناگەی شایستە و خۆراک و ئاو و چاودێر و خزمەتی بەساڵاچووان و رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگە و رەخساندنی هەلی چالاکی و خۆشگوزەرانی و خوێندنەوە و کەشێکی ئارام و لەبار بۆ ژیانێکی شیاو و شەرەفمەندانە.

     خانه‌ی كو‌لتووری:
خانه‌ی كو‌لتووری كۆمه‌ڵگه‌ی دایك، خانه‌یه‌كی تایبه‌ت دەبێت به‌ كه‌سایه‌تی و كه‌سانی بەئه‌زموون و له‌ ته‌مه‌ن هه‌ڵكشاوی ده‌ڤه‌ری سه‌ربه‌رزی سۆران، شوێنێكی دڵگیره‌ بۆ پێكه‌وه‌بوون و به‌سه‌ربردنی كات و ساتێكی خۆش. ئامانج لێی كۆكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی و كه‌سانی به‌ئه‌زموونی ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ پێناو نوێكردنه‌وه‌ی یادگارییه‌كان و بره‌ودان به‌ كولتووری پێكه‌وه‌ژیان و تێكهه‌ڵكێشی نه‌وه‌ی كۆن و نه‌وه‌ی داهاتوو، شوێنێك كه‌ مرۆڤه‌كان رابردوو و داهاتووی خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان لێ كۆبكه‌نه‌وه‌.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest