نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، لە ڕێكەوتی 9/1/2026 تا سپێدەی 13/1/2026 بڕی 9،746 ژەمە خۆراكی گەرم (برنج، گۆشت، نۆك، نیسك) و نان و ئاو، هەروەها 606 هاوكاریی ناخۆراكی بە سەر ئاوارەكانی حەلەب دابەش كردووە كە لە سنووری عەفرین نیشتەجێ كراون.
هەر لە درێژەی ئەو هاوكارییانەدا تا ئێستا 252 كەس جلوبەرگیان بۆ دابین كراوە و 396 نەخۆش چارەسەری پزیشكییان وەرگرتووە و 480 چالاكیی دڵخۆشكردن بۆ منداڵان ئەنجام دراون، بۆ ئەوەی تەوژمی دەروونی و باری دەرووندروستییان هێور بكرێتەوە.
بەتانی و دوشەك و سێتی چێشتخانە و پەڕۆی پلاستیكییان بۆ دابین كراوە. ڕۆژانەش 3،000 ژەمی خواردنی گەرم و سەبەتەی خۆراكی خێرا دابەش دەكەن، ئەو هاوكارییانەش بەردەوام دەبن.
كوردەكانی هەر دوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشەرەفییە لە حەلەب، دوای هێرشی هێزەكانی سوپای سووریا، لە چەندین دەروازەوە پەنایان بۆ سنووری عەفرین هێناوە.
نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، لە ڕاپۆرتی كارو چالاكییەكانیدا، ئاشكرای كردووە، كە بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی كاروباری كۆمەڵایەتی لە عەفرین، زیاتر لە 22 هەزار خێزان كە پتر لە 110 هەزار كەسن، پەنایان بۆ گوند و شارۆچكەكانی سنووری عەفرین هێناوە. كە بۆ دابینكردنی شوێنی مانەوەیان گرفت هەیە.
ئا: سالار بابەشێخ









