موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 21\4\2025 لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر، پێشوازی لە هونەرمەندی بەناوبانگی کورد، جوان حاجۆ كرد.
لەو دیدارەدا، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تیشكی خستە سەر كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوو، دواتر لەگەڵ هونەرمەندی ناسراو، سەردانی چەند بەشی دەزگایان كرد، بۆ ئەوەی میوانی بەڕێز لە نزیكەوە جۆری هاوكارییەكانی دەزگا لە سێكتەری جیاواز بۆ خەڵكی هەژار و لێقەوماو، نیازمەندان و خاوەن پێداویستییانی تایبەت ببینێت. دواتر ڤیدیۆی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوو نمایش كرا.
هونەرمەندی مەزن جوان حاجۆ، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بەو سەردانەی گوتی: “ئەمڕۆ لە شوێنێكی تایبەت و پیرۆزم كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی”ی نەمرە. ئەمڕۆ زۆر شتم بینی كە گەلێك گرنگن بۆ خزمەتكردن بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ئەوەش زۆر دڵخۆشی كردم”.
ئەو هونەرمەندە بەناوبانگە، جەختی لەوە كردەوە كە پێشتر ئاگاداری لە بارەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوە بەرفراوانە نەبووە. گوتیشی: “هیوادارم هەموو لایەک هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکات، چونکە دەزگایەکی مەزنە بۆ خزمەتكردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و هیوادارم ئەم دەزگایە گەورەتر و بەرفراوانتر بێت” بوونی ئەم دەزگایەش لە میللەتی كورد و خەڵكی هەموو جیهان پیرۆز دەكەم”.





