موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە پانێلێکی تایبەت كە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب بەڕێوەچوو. باسی پڕۆژە و كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە لایەنی مرۆیی تێكەڵ بە هیچ بابەتێكی سیاسی، نەتەوەیی نەكرێت، پیشانگەی كتێبیش بە شوێنێكی پیرۆز وێنا دەكات.
17یەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب، لە هەولێری پایتەخت كرایەوە و، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە كۆمەڵێك كتێبی نایابەوە بەشداری تێدا كرد، لە ڕۆژی كۆتایی پێشانگاكەش لە ڕێكەوتی 19\4\2025 بە بەشداریی موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پانێلێکی تایبەت لەژێر ناونیشانی “ئاسۆی کاری خێرخوازیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە” بەڕێوەچوو. سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دەستپێكی وتەكانیدا سوپاسی ڕێكخەرانی پانێلەكە(وەزارەتی ڕۆشنبیری و فەخری كەریم و بەڕێوەبەرایەتیی وەشانخانەی مەدا)ی كرد. دواتر جەختی لەوە كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی نوێنەرایەتیی كەیسی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان دەكات و ئەوەشی بە “دەرخەری ئەو هزرە جوانەی بارزانیی نەمر بەتایبەتی بۆ پێكەوەژیان و هاریكاری مرۆیی و ژینگەدۆستی” ناو برد. هاوكات گوتی: “هەوڵێكی زۆرمان داوە، هەماهەنگییەكی باش لە نێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و خێرومەندانی كوردستان و وڵاتانی هاریكاریبەخش دروست بكەین، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە خزمەتكردنی مرۆیی هەیە”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەی و لە وەڵامی پرسیارەكانی پێشكەشكاری پانێلەكە(كارزان نووری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی)، گوتی: “نابێت لایەنی مرۆیی لە كوردستان بە هیچ شێوەیەك تێكەڵ بە هیچ بابەتێكی سیاسی، نەتەوەیی بكرێت”، جەختی لەوەش كردەوە كە “لە كەلتووری كۆمەڵگەی ئێمەدا هەمیشە كاری خێرخوازیی بابەتێكی گرنگ بووە و زۆربەی گەڕیدەكان كە سەردانی كوردستانیان كردووە، هەمیشە باسی ئەو كەلتوور و بەخشەندەییەی كوردستانییان كردووە”. گوتیشی: ئێمە هاتووین لەگەڵ خێرخوازان ئەو كەلتوورە مرۆییە ئۆرگانیزە بكەین و ئەمەش كارێكی زۆر قورسە، چونكە پێش هەموو شتێك پێویستی بە متمانە هەیە”. باسی ئەوەشی كرد، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو متمانەیەی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە و لە هەرێمی كوردستان و عێراق و لە وڵاتانی بەریتانیا و ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا مۆڵەتی كاركردنی وەرگرتووە و هەوڵەكانیش بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن لە سووریا و توركیا و ئەڵمانیا لە قۆناغی كۆتاییدان.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوەش كرد، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەرێمی كوردستان 28 كەمپی ئاوارە و پەنابەران بەڕێوە دەبات. ئەوەشی خستەڕوو كە بەشێكی زۆری ڕێكخراوەكانی مرۆیی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش هاوكارییەكانیان ڕاگرتووە. بەتایبەتی دوای دوابڕیاری سەرۆكی ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا(دۆناڵد ترەمپ) بەشێكی زۆری ڕێكخراوەكان پڕۆژەكانیان بە یەكجاری وەستاندووە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە تەوەرێكی دیكەی وتەكانیدا باسی هاتنی بە لێشاوی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری بۆ هەرێمی كوردستان كرد، بە سوپاسێكی زۆرەوە تیشكی خستە سەر هاوكارییەكانی بەخشەرانی كوردستان و هاریكاربەخشانی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی مرۆیی و هاوكات ڕۆڵی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری خزمەتگوزاریی مرۆیی بەرز نرخاند و نموونەی بەوە هێناوە كە لە مانگی 8 كە گەرمترین مانگی ساڵە لە هەرێمی كوردستان، لە ماوەی 45 ڕۆژدا 9،900،000 ژەمە خۆراكی گەرم و بە كوالێتی بەرز بۆ ئاوارەكان دابین كرا، بێ ئەوەی یەك كەس تووشی پەتا و نەخۆشییەك بێت.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هێمای بۆ ئەوەش كرد، كە بایەخێكی تەواو بە ڕاهێنان و خۆپێگەیاندنی كارمەندانی دەزگا دەدەن و بەردەوام هان دەدرێن، كە لە پێشكەوتنەكان دوا نەكەون. خوێندنەوەی كتێبەكانیشی بە ڕێكارێكی سەرەكی بۆ سەركەوتنەكان هەژمار كرد. پێشانگای كتێبیشی بە شوێنی پیرۆز ناو برد و باسی ئەوەشی كرد كە كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هان دراون، سەردانی ئەو پێشانگایە بكەن و گوتیشی: “تا ئێستاش بەدیلی كتێب نییە بۆ خۆپێگەیاندن.”
نەرمین مەلازادە بەرپرسی هۆبەی داتا و زانیاری لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لەو پانێلەدا داتای كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 19 ساڵی ڕابردوو خستەڕوو. ئاماژەی بەوە كرد، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2005 بە 15 كارمەند دەستی بە كار و چالاكی كردووە و ژمارەی كارمەندانی لە ئێستادا 1،004 كارمەندن(301 كارمەند لە ڕەگەزی مێ و 703 لە ڕەگەزی نێر). وەك باسی كرد، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 10 سێكتەری جۆراوجۆر لە ماوەی 19 ساڵدا لە 13 وڵاتی جیاواز خزمەتگوزاریی مرۆیی پێشكەش كردووە.








