دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی دواناوەندی لە گوندی حاجی کالۆ دادەنێت

بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی لە بەرپرسانی حکومەت و کەسایەتییەکانی ناوچەکه‌ و به‌خشه‌ران، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی‌ و بەهێزکردنی بواری پەروەردە و خوێندن، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی دواناوەندی لە گوندی حاجی کالۆ، سەر بە شاره‌دێی بەستۆڕە له‌ سنووری شارۆچكه‌ی پیرمام دانا.
به‌ ئاماده‌بوونی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، قایمقامی شارۆچكەی پیرمام، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتییەکانی ناوچەکەو بەخشەران، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 23/9/2026 بەردی بناغەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی دواناوەندی لە گوندی حاجی کالۆ، سەر بە شاره‌دێی بەستۆڕە له‌ سنووری شارۆچكه‌ی پیرمام دانرا.
پەروەردە؛ بواری هاوبەشیی حکومەت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی
ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە بەشی یەکەمی لێدوانەکەیدا لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پڕۆژەكە، دەستخۆشی لە هەموو ئەو لایەن و کەسانە کرد کە بەشداریی پەرەپێدانی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
پارێزگاری هەولێر، لە ئاماژە بە گرنگیی پڕۆژەکەدا، گوتی: خۆشحاڵین بەشداریی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی شەش پۆلی (دواناوەندی) لە گوندی حاجی کالۆ دەکەین، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، بەردەوام لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان داوا كردووە، بە هەموو توانای خۆیانەوە بۆ باشترکردنی کوالێتیی خوێندن و پەروەردە کار بکەن.
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی بەخشەران، خێرخوازان، ڕێکخراوەکان و دامەزراوەکانی کاری خێرخوازی کرد و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشێکی گرنگی حکومەت لە بواری خزمەتگوزارییە مرۆییەکان، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە، ناو برد.
لەو پەیوەندییەدا، بە ناوی پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەموو بەخشیاران و هاوبەشانی ئەم پڕۆژەیەی کرد.
موسا ئەحمەد: پەروەردە یەکێکە لە بوارە سەرەکییەکانی کاری دەزگا
لە بەشی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاسی بەخشەران و هاوبەشانی پڕۆژەکەی کرد، بە تایبەتی سوپاسی کاک تاهیر و کاک شاکری کرد کە لەم کارە پیرۆزەدا هاوبەشی دەزگا بوون و لە ژمارەیەک بوار و پڕۆژەی دیکەشدا پشتیوانییان لە دەزگا کردووە.  ئاماژەی بەوەش کرد کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە هەموو ئەو پڕۆژە و کارانەی کە بۆ خزمەتکردنی خەڵک ئەنجامی دەدات، پشت بە خۆشەویستی و بەخشیاریی خەڵکی کوردستان و هاوکاریی دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان دەبەستێت.
سەرۆکی دەزگا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بواری پەروەردە یەکێکە لە بوارە سەرەکییەکانی کاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، بە گرنگییەکی تایبەتییەوە کاری بۆ پشتیوانی و پەرەپێدانی ئەم بوارە کراوە.
هەر لەو بوارەدا گوتی: مرۆڤ لەگەڵ پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، پێویستیی بە پەروەردە و فێربوون هەیە و بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم بوارەدا پلان و پڕۆژەی جۆراوجۆری جێبەجێ کردووە.
42 پڕۆژەی پەروەردەیی ئەنجام دراون
موسا ئەحمەد، لە بەشی دیکەی وتەكانیدا، ئاماژەی بە بەرفراوانیی کار و چالاکییەکانی دەزگا لە بواری پەروەردە کرد و ڕوونی کردەوە کە لە ماوەی کارکردنی دەزگا لەم بوارەدا:

2,023 چالاکیی پەروەردەیی لە سەرتاسەری هەرمی کوردستان ئەنجام دراون.
42 پڕۆژەی پەروەردەیی جێبەجێ کراون.
کۆی تێچووی پڕۆژە و چالاکییەکان گەیشتووەتە 19 ملیار و 99 ملیۆن و 747 هەزار دیناری عێراقی.
کۆی ژمارەی سوودمەندان 486 هەزار و 680 کەس بوون.
لەم بڕە پارەیە، 14 ملیار و 325 ملیۆن دینار لەلایەن ڕێکخراو و هاوبەشەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە.
ئەم ئامارانە ئەوە دەخەنەڕوو کە پشتیوانیی پەروەردەیی یەکێکە لە بوارە بەردەوامەکانی کاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوکاریی بەخشەران و هاوبەشەکانیش ڕۆڵێکی گرنگی لە بەردەوامبوونی ئەم پڕۆژانەدا هەیە.
پڕۆژەیەک بۆ 12 گوند
پڕۆژەی قوتابخانەی حاجی کالۆ، تەنیا خزمەت بە یەک گوند ناکات؛ بەڵکو بە تەواوبوونی، 12 گوندی سنووری ئەو دەڤەرە لە خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکە سوودمەند دەبن.
بەم شێوەیە، دانانی بەردی بناغەی ئەم قوتابخانەیە، لەگەڵ ئەوەی دەستپێکی پڕۆژەیەکی نوێی پەروەردەییە، هیوایەکی نوێشە بۆ قوتابیانی ئەم ناوچەیە و خێزانەکانیان؛ كە هیوای دروستبوونی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ خوێندن و پەرەپێدانی داهاتووی نەوەی نوێیە.
هاوبەشیی مرۆیی بۆ داهاتووی خوێندن
پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەی دواناوەندیی حاجی کالۆ، نموونەیەکە لە هاوکاری و هاوبەشیی نێوان دامەزراوە حکوومییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەخشەرانی دڵفراوان و دەست كراوە؛ هاوبەشییەک کە ئامانجە سەرەکییەكەی بریتییە لە دابینکردنی ژینگەیەکی باشتر بۆ خوێندن و پەروەردە و هەماهەنگکردنی هەنگاوەکان بۆ خزمەتکردنی قوتابیانی ناوچەکە.
بە دانانی بەردی بناغەی ئەم قوتابخانەیە، هیوای قوتابیان و خێزانەکانیان بە داهاتوویەکی پەروەردەیی باشتر، دەچێتە قۆناغێکی نوێ؛ قۆناغێک کە لەسەر بنەمای هاوکاری و بەخشیاری و هەوڵی هاوبەش بۆ خزمەتکردنی خوێندن و پەروەردە دامەزراوە.
قوتابیان بە دڵی پڕ ئومێد و هیواوە چاوەڕوانی قوتابخانەی نوێن
دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە بۆ گوندی حاجی کالۆ و گوندەکانی دەوروبەری، هەنگاوێکی گرنگە بۆ باشترکردنی ژینگەی خوێندن و ژێرخانێکی پەروەردەیی بۆ قوتابیانی ناوچەکە دابین ده‌كات.
قوتابیانی ناوچەکە، بە چاوی هیوا و دڵێکی پڕ لە ئاواتەوە، چاوەڕوانی تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە و دەستپێکردنی خوێندن لە قوتابخانەی نوێن؛ قوتابخانەیەک کە دەکرێت ببێتە بنەمایەکی نوێ بۆ پەرەپێدانی خوێندن و پەروەردە لە ناوچەکە.
هه‌ر كام له‌ يوسف شه‌مسه‌دين، ليا كه‌نعان و  سومه‌یه‌ موحسین،  قوتابیانی له‌ پۆلی نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تین و دڵخۆشیی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌ربڕی، كه‌ دروستكردنی قوتابخانه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا ته‌واو ده‌بێت، ئه‌و كات ناچار نابن بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندن، زۆر له‌ زێدی خۆیان دوور بكه‌ونه‌وه‌.
زۆر به ‌گه‌رمی و به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ خۆشحاڵیی خۆیان بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ ده‌ربڕی، هاوكات وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، ستایشی هاوبه‌شانی ده‌زگا و به‌خشه‌رانیان كرد، كه‌ له‌ دروستكردنی قوتابخانه‌كه‌ به‌ دڵفراوانی و ده‌ستكراوه‌یی هاوكارییان كردووه.‌
لە دوماهیدا پێویستە بگوترێ:
قوتابخانه‌كه‌ له‌ سه‌ر ڕووبه‌ری 1000 مه‌تری چوارگۆشه‌ دروست ده‌كرێت.
نزیكه‌ 310 ملیۆن دیناری تێده‌چێت.
قوتابیانی 12 گوندی ناوچه‌كه‌ لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا ته‌واو ده‌بێت.
ئا: سالار بابه‌شێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest