دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی ڕێكخراوی هیومان بریج)ی سویدی، دوو بارهەڵگری گەورە پێداویستیی پزیشكی بە نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا لە هەولێر پێشكەش كرد، كە ئامێر و كەلوپەلی ژووری نەشتەرگەری و چەندین پێداویستی گرانبەهای پزیشكی لەخۆ گرتووە.
بە ئامادەبوونی ئیسماعیل عەبدولعەزیز ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كریستۆفەر ستالگرین نوێنەری ڕێكخراوی(هیومان بریج)ی سویدی و د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا لە هەولێر و ژمارەیەك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، لە ڕێكەوتی 24\4\2025 دوو بارهەڵگری گەورە پێداویستیی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا لە هەولێر دابین كرا.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەیی كە هاوكات لەگەڵ گەیاندنی پێویستییەكانی پزیشكیی نەخۆشانەكە بەڕێوە چوو، سەرەتا د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، ئاماژەی بەوە كرد، “دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر وەك نەریت و كاری خۆیان پشتگیرییەكی زۆری كەرتی تەندروستییان كردووە”، نموونەشی بە پشتگیریی سەنتەر و نەخۆشخانەكان و كردنەوەی خولەكانی ڕاهێنان و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ نەخۆشخانەكان هێنایەوە و ئەوەشی خستە ڕوو، كە “جۆری هاوكارییەكە و دابینكردنی پێداویستییەكانی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا لەسەر خواست و داواكاریی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەكە بووە، كە ئامێر و كەولوپەلی ژووری نەشتەرگەری و چەندین پێداویستی گرانبەهای لەخۆ گرتووە”.
كریستۆفەر ستالگرین، نوێنەری ڕێكخراوی(هیومان بریج)ی سویدی وتەیەكی كورتی پێشكەش كرد و گوتی: “وەک نوێنەری سوید و ڕێکخراوی هیومان بریج، جێی شانازییە بۆ من و زۆر خۆشحاڵم کە لە هەولێرم، لە کوردستان. هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەم، بۆ ئەو کارە هاوبەشەمان کە لە ساڵی 2011ـەوە تا ئێستا پێكەوە کار دەکەین و لەو ماوەیە زیاتر لە 35 کۆنتەینەر هاوکاریمان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە”.
ئیسماعیل عەبدولعەزیز ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە لێدوانەكەیدا بۆ كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، سەرەتا باسی ئەوەی كرد، “یەكێك لە سێكتەرە هەرە گرنگەكان، سێكتەری تەندروستییە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە جددی پاڵشتیی كەرتی تەندروستی كردووە و بە بێ جیاوازی لە هەموو هەرێمی كوردستان هەوڵی دابینكردنی ئەو پێداویستییانەی داوە كە نەخۆشخانەكان و ناوەندەكانی تەندروستی نیازیان پێی هەبووە. سەبارەت بە هەمان پرس پێداگریی لەسەر ئەوە كرد “دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام لەگەڵ ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و مرۆیی لەسەر هێڵ بووە، بۆ ئەوەی هاوكارییەكانیان ڕەانەی هەرێمی كوردستان بكەن”، لە بارەی ئەو هاوكارییەش بۆ نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا گوتی: “جۆری هاوكارییەكە و دابینكردنی پێداویستییەكانی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا لەسەر خواست و داواكاریی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەكە بووە و بە خۆشحاڵییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی(هیومان بریج)ی سویدی بۆیان دابین كرا”.
وەك باسی كرد: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2011 یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ ڕێكخراوی(هیومان بریج)ی سویدی واژۆ كردووە و لەو كاتەوە تا ئێستا نزیكەی 40 کۆنتەینەر هاوكارییان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و بە بێ جیاوازی بە سەر هەموو نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان دابەش كراون”. گوتیشی: “بارزانیی نەمر فەرموویەتی:((شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت))، بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر ئەو پرەنسیپە بەردەوام دەبێت و لە هەموو سێكتەركان خزمەتی هاووڵاتییانی دەكات”.




