رێكخراوی WFP پەرە بە هاوکاریکردنی پەنابەران دەدات

بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوش و گوزەرانی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە كەمپی قوشتەپەی سنووری پارێزگای هەولێر، شاندێكی رێكخراوی WFP سەردانێكی مەیدانیان بۆ كەمپەكە ئەنجامدا و وابڕیارە پرۆژەی یارمەتی خۆراكی جێبەجێ بكات.
رێككەوتی 1/9/2021 بۆ ئاشنابوون و زیاتر وەرگرتنی زانیاری لەسەر گوزەران و رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە كەمپی قوشتەپە، شاندێكی رێكخراوی WFP كە پێكهاتبوون لە خاتوو (كورین فلێچەر) بەرپرسی هەرێمی رێكخراوەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و باكووری ئەفەریقا و ئەوروپا سەردانی كەمپی پەنابەرانی قوشتەپەیان كرد و لەلایەن جێگری بەرپرسی ئۆفیسی هەولێر و بەڕێوەبەر و ستافی كەمپەكەوە پێشوازییەكی گەرمیان لێكرا.
لەدیدارێكی نێوانیاندا، لەلایەن بەڕێوەبەری كەمپی قوشتەپەوە كورتەیەك لەسەر بار و گوزەرانی پەنابەرانی كەمپەكە خرایەڕوو و تیشك خرایە سەر ئەو كێشە و گرفتانەی رووبەڕووی دانیشتوانی كەمپەكە دەبنەوە و لەگەڵ ئەو خزمەت و پرۆژانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەرانی ئەنجامداوە بۆ شاندی میوان روونكرایەوە.
لەبەرانبەردا شاندی رێكخراوی WFP تیشكیان خستەسەر پەرەپێدانی هاوکاریە خۆراکیەکان بۆ پەنابەران كە ئەویش خۆی لە پرۆژەی دابینکردنی پارە دەبینێتەوە بەوەی رێكخراوی ناوبراو هاوكاری ماددی بۆ مەبەستی كڕینی خۆراكی مانگانە پێشكەشی پەنابەرانی كەمپەكە دەكات.
شایانی باسە، كەمپی قوشتەپە لەساڵی 2013 دروستكراوەو تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوە دەبردرێت.

Previous slide
Next slide
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest