دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەستەی فریاگوزاری كوەیتی ئەنجامی دەدەن
رۆژی یەكشەممە رێككەوتی 12/9/2021 لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئامادەبوونی بەڕێزان (عومەر الكندری قونسوڵی گشتی دەوڵەتی كوەیت و د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی) دوو پرۆژەی گرنگ راگەیەندرا، كە پرۆژەی یەكەم خۆی لە دابینكردنی كەلوپەلی پزیشكییە كە لەلایەن دەستەی فریاگوزاری كوەیتیەوە بەخشراوە و لەڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە رادەستی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە خۆی لە 10 تۆن و نیو هاوكاری و ئامێری پزیشكی دەبینێتەوە كە نرخی پێداویستییەكان بە یەك ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێن و سەرجەمیان لەوڵاتی ئەڵمانیا كڕدراون. هاوكات هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پرۆژەی دووەم راگەیەندرا كە بە هاوبەشی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتییە كە ئەویش خۆی لە دابەشكردنی (7100) پارسێلی خۆراك دەبینێتەوە و لە شارەكانی (كەركووك، نەینەوا، هەولێر، دیالە، دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە و بەغدا) دابەش دەكرێت.
لەسەرەتای پرێس كۆنفرانسەكەدا بەڕێز موسا ئەحمەد بەناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەخێرهاتنێكی گەرمی قونسوڵی دەوڵەتی كوەیت و میوانەكانی كرد و تیشكی خستەسەر ئەو هاوكارییانەی دەوڵەتی كوەیت بۆ ئاوارە و پەنابەران و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی كردووە. ئەمڕۆ بۆ دوو پرۆژەی گرنگ لێرەین كە ئەویش خۆی لە پرۆژەی دابەشكردنی 7100 پارسێلی خۆراك و پرۆژەی دابینكردنی كەلوپەلی تەندروستی دەبینێتەوە. بەسوپاسەوە هەردوو پرۆژەكە دەستەی فریاگوزاری كوەیتی سپۆنسەری هەردوو پرۆژەكەیان كردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا: لە پرۆژەی دابەشكردنی پارسێلی خۆراكدا لە 7 پارێزگای هەرێمی كوردستان و عێراق دابەش دەكرێت، هاوكات پرۆژەی دووەم خۆی لە دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستی پزیشكییە كە بە 1 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێنراوە و سەرجەمیان پێشكەشی وەزارەتی تەندروستی دەكەین.
دواتر بەڕێز (عومەر الكندری) قونسوڵی گشتی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەردەوام پاڵپشتی ئێمەبوون لە پێشكەشكردنی پرۆژەكانمان بۆ خەڵكی ناوخۆی كوردستان و ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكاندا. ئێمە بایەخێكی تایبەت بە كەرتی تەندروستی دەدەین، بەتایبەتی دوابەدوای سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا كە پێویستییەكی زۆریان بە كەلوپەلی پزیشكی و پێداویستییەكانی دیكە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتا جیهانییە. ئێمە بە ئەركی دراوسێی دەزانین وەكو دراوسێیەكی عێراق و بەردەوام هەوڵدەدەین هاوكاری لەبوارە جیاوازەكاندا پێشكەش بكەین. پشتیوان بەخوا بەردەوام دەبین لەسەر پێشكەشكردنی ئەو هاوكارییانە.
پاشان بەڕێز د.سامان بەرزنجی وەزری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوتەیەكدا تیشكی خستەسەر گرنگی ئەم پرۆژەیە و رایگەیاند: سوپاسی دەوڵەتی كوەیت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین بۆ پێشكەشكردنی ژمارەیەكی زۆر لە كەلوپەلی نەشتەرگەری و چاودێری چڕ و كەلوپەلی پزیشكی بە وەزارەتی تەندروستی، ئێمە دەستخۆشییان لێدەكەین و ئومێدی بەردەوامی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازین. هەروەها تیشكی خستەسەر بەردەوامی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و راگەیاند: بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گرفت بۆ كەرتی تەندروستی دروستبووە و فشارێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكان هەیە و ئەمەش پێویستی بە ئامێر و كەلوپەل و پێداویستی دیكەی تەندروستی هەیە بۆ ئەوەی باشترین خزمەت پێشكەش بكەین.
شان بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر وتەیەكی پێشكەشكرد و راگەیاند: دەوڵةتی كوەیت پێشنییەكی زۆر جوانی لەهەرێمی كوردستان دا هەیە و لەرابردوودا خزمەتێكی بەرچاویان پێشكەشكردووە و بەردەوام پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، ئەمڕۆش دەبینین كە دەوڵەتی كوەیت و قونسوڵگەری كوەیت لە هەرێمی كوردستان بەردەوامن لەپێشكەشكردنی هاوكارییە جۆراوجۆرەكانیان لەبواری خۆراكی و تەندروستیدا، ئێمە دەستخۆشییان لێدەكەین و ئومێدی بەردەوامی ئەو پاڵپشتییەیان بۆ دەخوازین. ئێمە پێویستییەكی زۆرمان بە ئامێری پزیشكی هەیە كە لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستاندا كێشە و گرفتی كەمی ئامێرەكان هەیە، وەكو پارێزگای هەولێر سوپاسی دەوڵەت و قونسوڵگەری وڵاتی كوەیت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین، كە بەردەوام هەوڵی پاڵپشتیكردنی كەرتە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن.