دهۆك… پرۆژەی چاندنی بەروبوومی كشتوكاڵی كرایەوە

رێككەوتی 28/9/2021 بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و د.عومەر ئەلكندری قونسوڵی گشتی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی ئیداری شارەكە، لە كەمپی دۆمێز2 پرۆژەی خانووی پلاستیكی بەمەبەستی چاندن و بەروبوومی كشتوكاڵی كرایەوە، ئەم پرۆژەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سپۆنسەری دەوڵەتی كوەیت و كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتی ئەنجامدراوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك خێزان سوودمەند دەبن.

جێگری پارێزگاری دهۆك: ئەم پرۆژەیە هەلیكار بۆ دەیان خێزان دەڕەخسێنێت
لەدەستپێكی مەراسیمی كردنەوەی خانووی پلاستیكی كە بەروبوومی كشتوكاڵی تێدا دەچێندرێت، بەڕێز (ماجد سید ساڵح) جێگری پارێزگاری دهۆك وتەیەكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر گرنگی دروستكردنی ئەم پرۆژانە كە جگە لەوەی بەروبوومی كشتوكاڵی پەرەی پێدەدرێت، هاوكات هەلی كار و بژێویشت بۆ دەیان خێزان لە سنوورەكە دەستەبەر دەكات، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، لەم پرۆژەیەدا 60 خێزان سوودمەند دەبن و سوپاسی قونسوڵخانەی دەوڵەتی كوەیت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین بەردەوام لە پرۆژەكانیان خەڵكی ئەم دەڤەرە بەسەر دەكەنەوەو جێی بایەخیانە.

قونسوڵی گشتی دەوڵەتی كوەیت: ئەم پرۆژەیە رۆڵێكی گەورەی هەیە لە كەمكردنەوەی بارگرانییەكان

دواتر بەڕێز (د.عومەر ئەلكندری) قونسوڵی گشتی دەوڵەتی كوەیت لە هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشی كردووە و ئاماژەی بەوەدا: دەوڵەتی كوەیت و گەلەكەی بەردەوام پاڵپشتی ئاوارە و پەنابەرانن لە هەرێمی كوردستان و بەردەوام بە ئەركی خۆیان زانیوە هاوكاری پێویستیان بۆ دابین بكات، ئەمە بە ئەركێكی مرۆیی خۆمان دەزانین بۆ بەهاناوەچوون و هاوكاریكردنی برایانی ئاوارە و پەنابەران لە هەولێر و دهۆك. ئەمڕۆ پرۆژەیەكی دیكە لە پارێزگای دهۆك دەكەینەوە، ئەویش پرۆژەی خانووی پلاستیكی كشتوكاڵییە، كە رۆڵێكی گەورەی هەیە لە كەمكردنەوەی بارگرانی و هاوكاریكردنی برایانی پەنابەرمان لە پارێزگای دهۆك، و هەروەها لە قەزای شەنگال بەهەمانشێوە پرۆژەی لەم جۆرەمان هەیە و بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی بەردەوامی برایانی پەنابەر لە هەرێمی كوردستان. بە ئامانجی كەمكردنەوەی بارگرانی سەر شانیان و ئاسانكاریكردنیان بۆ دەستكەوتنی بژێوییەكانی ژیان.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هەوڵی باشتركردنی ژیانی ئاوارە و پەنابەران دەدەین
پاشان بەڕێز (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەكان و قونسوڵی دەوڵەتی كوەیت و رێكخراوەكانی ئەو وڵاتە و گەلەكەی دەكەین، كە بەردەوام هاوكاری جۆراوجۆریان پێشكەشی ئاوارە و پەنابەریان كردووەو لەگەڵ ئێمە بەچالاكی و پرۆژەی نوێ پێكەوە ئەنجام بدەین، ئەم پرۆژانە بۆ دانیشتوانی خۆجێیش جێگەی خۆشحاڵی و پێزانینی ئێمەیە. هەروەها تیشكی خستەسەر رەوش و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: زۆرێك لە رێكخراوە مرۆییەكان كارو چالاكییەكانیان كەم بۆتەوە، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر رەوشەكە دروستكردووە. جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لەو رێكخراوانە بكەین كە بەردەوام لە خزمەتكردنی ئەم چین و توێژانە كە لە كەمپەكاندا دەژین.
هەروەها تیشكی خستە سەر كردنەوەی ئەم پرۆژەیەو راگەیاند: ئەم پرۆژانە بەهاوكاری لەگەڵ دەوڵەتی كوەیت و رێكخراوەكانی ئەو وڵاتە ئەنجامی دەدەین پرۆژەی پڕ بایەخن و جێگەی دەستخۆشییە و ئومێد دەكەین پرۆژەی دیكەی بەدوادابێت لەپێناو خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران و دروستكردنی هەلی كار و خودبژێوی خێزانەكان.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest