جێگری بەرپرسی UNHCR لە عێراق سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات

رۆژی 6/10/2021 لەشاری هەولێر، خاتوو نیكۆلا ئیپتینگ، جێگیری بەرپرسی UNHCR لە عێراق بەمەبەستی ئاشنایەتی زیاتر بە كارو پرۆژە جۆراوجۆرەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبواری مرۆیی و خێرخوازیی و لەكەمپی ئاوارە و پەنابەراندا، سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات.
لەمیانی سەردانی شاندی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی عێراق، لەلایەن بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە پێشوازییەكی گەرمیان لێكرا و لەدیدارێكدا هەردوولا تیشكیان خستەسەر ئەو خزمەتانەی هەردوولا لەبواری پەنابەران و ئاوارەكاندا ئەنجامی دەدەن و كۆكبوون لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكان و دۆزینەوەی رێگای نوێ بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران كە لەناو كەمپەكاندا نیشتەجێن و هیچ دەلیڤێكی دیكەی پەیداكردنی ژیانیان نییە جگە لەو هاوكارییانە نەبێت كە لەلایەن دەزگا و رێكخراوەكانەوە پێشكەشیان دەكرێت.
لەدیدارەكەدا، خاتوو نیكۆلا ئیپتینگ باسی لەشێوازی خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەرانی كرد لەناو كەمپەكاندا، بەتایبەتی ئەو كەمپانەی سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك كە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەهاوبەشی لەگەڵ ناوەندی قەیرانەكانی هەردوو پارێزگاكە بەڕێوەی دەبات و نموونەیەكی سەركەوتوویان لەبواری ئیدارەدانی دانیشتوانی كەمپەكاندا پێشكەشكردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا: ئێمە شارەزاییەكی زۆرمان لەبواری ئاوارە و پەنابەران هەیە لەڕووی نێودەوڵەتی، بەڵام لەكار و خزمەتی ئاوارە و پەنابەران لەناوخۆ لە ئێوە فێر دەبین چۆن هاوكاری خەڵك بكەین.
لەبەرانبەردا، بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پاش بەخێرهاتنی شاندی میوان، تیشكی خستەسەر ئەو پرۆژانەی لەناو كەمپەكاندا جێبەجێ دەكرێن و تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشێوەیەكی بەردەوام لەخزمەتیانن و داواكاری و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانیان بۆ دابین دەكەن. هەروەها لەبارەی دۆخی ژیانی ناو كەمپەكانیش، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: ماوەیەكی زۆرە بەهۆی كەمبوونەوەی یارمەتی و هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئاوارە و پەنابەران، كاریگەری زۆر خراپی كردۆتە سەر دۆخی ژیانیان و ئەمەش ئێمەی نیگەران كردووەو بەردەوام داوامان لە رێكخراوە جیهانی و خێرخوازییە نێودەوڵەتییەكان كردوە، دەستی كۆمەك و هاوكارییان بۆ درێژ بكەن. هەروەها بەشاندی میوانی راگەیاند: داواتان لێ دەكەین هاوكاری تەواوی ئاوارە و پەنابەران بكەن لەناو كەمپەكان. چونكە هیچ دەرفەتێكی دەستكەوتنی ماددیان نییە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest