لە هەولێر.. رێوڕەسمی رێزگرتن لە كارو چالاكییەكانی دەزگای LDS بەڕێوەچوو

دەزگای LDS ی خێرخوازیی ئەمەریكی وەك رێكخراوێكی نێودەوڵەتی كار لەسەر پرۆژەكانی خزمەت بە مرۆڤایەتی دەگات. لەساڵی 2014 وەك رێكخراوێكی خێرخوازیی هاوكار و كۆمەكبەخش بەهاوبەش و پێكەوە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیان بەكاری مرۆیی كردووە. سەرەتای دەستپێك لەبواری ویلچەیر و پێداویستی خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و زۆری داواكاری و فراوانی خانەخوێ و خاوەن پێداویستی تایبەت بەهەمان ئەو ئاڕاستەیە رۆڵ و پێگەی خۆیان لەبوارەكاندا فراوانتركرد. بۆ بەرزنرخاندنی ئەو خزمەت و پرۆژانەی لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجامیانداوە، رێككەوتی 28/10/2021 لە شاری هەولێر و لە ئۆفیسی سەرەكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئامادەبوونی بەڕێزان (ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار) و شاندی دەزگایLDSی ئەمەریكی و ژمارەیەك بەرپرسی حكومی، رێوڕەسمێك بۆ رێزلێنان لەو پرۆژانەی دەزگای LDS لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبوارە جیاوازەكاندا ئەنجامیانداوە بەڕێوەچوو.

لەسەرەتای رێوڕەسمەكەدا، بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان سەروەریان بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێكرد و دواتر وتاری بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر خوێندرایەوە، كە تیایدا تیشكی خستەسەر ئەو چالاكیانەی دەزگای ناوبرا لەكوردستان ئەنجامی داون و رایگەیاند: سوپاس بۆ کۆمەڵەى LDSی خێرخوازیی ئەمەریكی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لەماوەى رابردوودا كار و چالاكی و خزمەتێكی بەرچاو و گەورەیان بەشارى هەولێر و ئاوارە و پەنابەرانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کردووە، هەماهەنگى و هاوکارییەکانى ئەوان لەگەڵ دەزگاى خێرخوازیى بارزانى و ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر و وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى هەرێمى کوردستان یەکێک بووە لە هۆکارەکانى سەرکەوتن بەسەر بەشێکی زۆر لە قەیرانەکان. ئەوە سەرەڕاى پشتیوانیکردنى کۆمەڵەى ناوبراو لە نەخۆشخانەى کۆرۆنا لە بەحرکە و هەوڵەکانیان بۆ سەرکەوتنى ئه‌م پڕۆژەیە و هاوکارییان لە ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى وشکەساڵى و لێدانى بیرى ئاو و زاڵبوون بەسەر قەیرانى کەم ئاوى، یەکێکە دیکەیە لەو یادگاریانەى بۆ هەمیشە بەزیندووى له‌زاکیرەى ئێمەدا دەمێنێتەوە.

دواتر لەلایەن نوێنەرانی دەزگای LDSی خێرخوازیی ئەمەریكییەوە دوو وتار پێشكەشكران و تیشكیان خستەسەر كاری خێرخوازیی و پێكەوە كاركردن لەپێناو بونیادنانی خۆشگوزەرانی و ژیانێكی ئارام و سەقامگیر بۆ مرۆڤەكان لەپێناو بەدەستهێنانی رەزامەندی خودا و بەخشینی میهرەبانی خوا بۆ مرۆڤەكان، هاوكات ئاماژەیان بەوەدا ئەوان شانازیی بەوەوە دەكەن كە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی نزیكەی حەوت ساڵە پێكەوە لەچەند بوارێكی جیاوازدا كار و خزمەت پێشكەش بە خەڵكی خۆجێی و ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان دەكەن، كە ئەمەش جێگەی دڵخۆشیانە و بەڵێنیشیان دا لە ئاییندەدا پرۆژەی زیاتر پێكەوە ئەنجام بدەن.

دوابەدوای وتاری نوێنەرانی دەزگاكە، لەلایەن بەشی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، داتا و ئاماری كۆی كارو چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەماوەی 17 ساڵی كاركردنیدا و ژمارەی سوودمەندان و بەخشەران و جۆری سوومەندان لە سێكتەرە جیاوازەكاندا خرانەڕوو.

پاشان لەلایەن بەڕێز (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە وتەیەك پێشكەشكرا و تیشكی خستەسەر ئەو كارو چالاكییە هاوبەشانەی لەگەڵ دەزگای LDSی خێرخوازیی ئەمەریكی لەو چەند ساڵەی رابردوودا ئەنجامیانداوەو لە ئێستا و داهاتووشدا بەردەوام دەبن لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی چین و توێژەكانی ئاوارە و پەنابەران لەهەرێمی كوردستان، هەروەها رایگەیاند: ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی شانازیی بەوەوە دەكەین كە لەگەڵ دەزگای LDSی خێرخوازیی ئەمەریكی پێكەوە شانیان داوەتە ژێر خزمەتێكی بەردەوام لەپێناو باشتركردن و خۆشگوزەرانی بۆ ئاوارە و پەنابەران و خەڵكی خۆجێی هەرێمی كوردستان.

Previous slide
Next slide
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest