دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری لەگەڵ كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەیتی، كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی تكریت بەپێی گرێبەستێكی هاوبەش لەگەڵ زانكۆی تكریت دروست دەكەن.
رێككەوتی 31/10/2021 شاندێكی زانكۆی تكریت بەسەرۆكایەتی (د.وەعد مەحمود رەئوف) سەرۆكی زانكۆی تكریت و (د. سەعد مەحمود یاسین) راگری كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی تكریت، سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كردو لەلایەن بەڕێز (ئیبراهیم سەمین) جێگری سەرۆكی دەزگاوە پێشوازییەكی گەرمیان لێكرا.
لەدیداری نێوانیاندا تیشك خرایە سەر بارودۆخی ئاوارەكانی عێراق لەهەرێمی كوردستان كە لەنێو كەمپەكاندا نیشتەجێن و چۆنێتی خزمەتكردنی زیاتریان باس و خواستیان لەسەر كرا. هاوكات لەدیدارەكەدا واژووی یاداشتی تایبەت بە دروستكردنی پرۆژەی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی تكریت كرا كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری لەگەڵ كۆمەڵەی فریاگوزاری كوەەیتی جێبەجێی دەكەن.
