هێزەكانی پاسەوانی سنوور هاوكاری لێقەوماوانی لافاوی هەولێر دەكەن

شاندێكی فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی هاوكاریكردنی ماڵباتە زیان لێكەوتووەكانی لافاوی چەند رۆژی رابردوو، لەڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هاوكاری (سووتەمەنی، سۆپا، فەرش) پێشكەش دەكەن.
رێككەوتی 19/12/2021 بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی لیوا روكن (حەمادە دزەیی) كرد.
لەو دیدارەدا تیشك خرایە سەر ئەو رووداوە سرووشتیانەی بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەواوە روو دەدەن و بەهۆیەوە كارەساتی سرووشتی و مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە، هاوكات ئاماژە بەو زەرەر و زیانانە كرا كە بەهۆی روودانی لافاوەوە دروستبوون و تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشێوەیەكی فریاگوزاریی لەرۆژی یەكەمی رووداوەكەوە سێ ژەمە خۆراكی گەرم و پرۆسەی ناونووسكردنی زیان لێكەوتووان و هاوكات هەڵمەتی خاوێنكردنەوەی ماڵەكان و شەقامەكان دەستی پێكردووە.
لەبەرانبەردا شاندی میوان ستایشی كارو چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كرد كە لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدا رۆڵی كارای هەبووە لە بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی لێقەوماوان و ئومێدی گەورەتریان بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی خواست و بەمەبەستی بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی خێزانە زیانمەندەكانی لافاو، هەستاون بە دابینكردنی سووتەمەنی و فەرش و سۆپا و لەڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هاوكارییەكە بەسەر ماڵباتەكان بەهاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر دابەش دەكرێت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest