قوشتەپە… خۆراك و ناوماڵە پێشكەشی 659 خێزانی بەركەوتووی لافاو دەكرێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپاڵپشتی و هاوكاری دامەزراوەی رۆشنبیری حەكیم هاوكاری ناوماڵە لەوانە (سۆپا،پارسێلی خۆراك) پێشكەش بە خێزانە زیانمەندبووەكانی لافاو لەناحیەی قوشتەپە دەكات.
رێككەوتی 22/12/2021 پاش روودانی لافاو لەشاری هەولێر كە بەهۆیەوە ژمارەیەك گەڕەك و شوێن بەر لافاو كەوتن و زەرەرو زیانێكی زۆری گیانی و ماڵیان بەركەوت، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاش رووداوەكە دەستی بە گەیاندنی هاوكاری (خۆراكی گەرم و سەرژمێریكردن و پاككردنەوەی ماڵەكان) بەهاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەكانی پارێزگای هەولێر و دەزگاكانی حكومەت. بۆ ماوەی سێ رۆژ سێ ژەمە خۆراكی گەرمیان پێشكەش بەو خێزانانە كرد كە لافاو زیانی پێگەیاندبوون.
لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ ناحیەی قوشتەپە كە ژمارەیەكی زۆر لە ماڵەكان زیانمەندبوون، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپاڵپشتی لەگەڵ دامەزراوەی رۆشنبیری حەكیم دەستكرا بە دابەشكردنی (سۆپا، پارسێلی خۆراك) بەسەر (659) خێزاندا.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest