دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری خۆراك و ناوماڵە و پێداویستی جۆراوجۆری دیكەی بۆ هەر خێزانێك (پاكێجی كەلوپەلی ناوماڵە، 5 دۆشەك، 5 بالیف، 7 بەتانی، 32 مەتر فەرش، 1سۆپا، 2 پارسێلی خۆراك) پێشكەشی (1044) خێزانی زیانمەندی لافاو لەشاری هەولێر و دەوروبەری دەكات.
رێككەوتی 25/12/2021 لەچوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەكانیدا، لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری خێزانە زیانمەندبووەكانی لافاو لە گەڕەك و ناحیەو شارەدێیەكانی دەوروبەری شاری هەولێر، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەچەند قۆناغێك دەستی بەهاوكاریكردن كرد، سەرەتا بە دابینكردنی ژەمەخۆراكی گەرم بوو كە بەهاوكاری دەزگای روانگە بۆ ماوەی سێ رۆژ سێ ژەمە خۆراكی گەرم پێشكەشی خێزانەكان كرا. پاش هێوربوونەوەی بارودۆخەكە و گەڕانەوەی خێزانەكان بۆ ماڵەكانیان، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیان بە دابەشكردنی سووتەمەنی كرد، كە هەر خێزانێك بڕی (100 لیتر سووتەمەنیان بۆ دابینكرا. پاشان دەستكرا بە دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستی ناوماڵە. كە خۆی لە گەورەترین هەڵمەتی خێرخوازیی و مرۆییدا بینیەوە كە ئەویش هەڵمەتی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری ناوماڵە و پێداویستی جۆراوجۆر بۆ خێزانە زیانمەندبووەكانی لافاو بوو لە (پیرزین 8 خێزان، مەلا ئومەر8 خێزان، كەسنەزان14 خێزان، تەقتەق6 خێزان، بنەسڵاوە27 خێزان، قوشتەپە670 خێزان، بەحركە170 خێزان، گەڕەكی ژیان141 خێزان)، پێداویستیەكانیش بۆ هەر خێزانێك بریتی بوون لە (پاكێجی كەلوپەلی ناوماڵە، 5 دۆشەك، 5 بالیف، 7 بەتانی، 52 مەتر فەرش، 1سۆپا، 2 پارسێلی خۆراك)، هەروەها گروپی كۆمپانیاكانی بارز بۆ (500 خێزان سەلاجە و مجەمیدە و تەباخ)ی دابینكردووە، لەكۆی گشتی ئەم هاوكارییانەدا (1044) خێزان سوودمەند دەبن.




