خۆراك و سووتەمەنی بۆ 2145 خێزانی زیانمەندی لافاو دابینكرا

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپاڵپشتی و هاوكاری ژمارەیەك رێكخراو و كەسایەتی بەخشەر، هاوكاری ناوماڵە وەك (نەوت، پارسێلی خۆراك) پێشكەش بە خێزانە زیانمەندبووەكانی لافاو لەشاری هەولێر لە گەڕەكەكانی رۆشنبیری، گردجوتیار، هیران ستی، سەركارێز، قەتەوی، ناحیەكانی قوشتەپە و دارەتوو دەكات و بۆ هەر خێزانێك 100 لیتر سووتەمەنی و 2 پارسێلی خۆراك ئامادەكراوە.
رێككەوتی 23/12/2021 پاش روودانی لافاو لەشاری هەولێر كە بەهۆیەوە ژمارەیەك گەڕەك و ناحیە بەر لافاو كەوتن و زەرەرو زیانێكی زۆری گیانی و ماڵیان بەركەوت، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاش رووداوەك ە دەستی بە گەیاندنی هاوكاری (خۆراكی گەرم و سەرژمێریكردن و پاككردنەوەی ماڵەكان) بەهاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەكانی پارێزگای هەولێر و دەزگاكانی حكومەت. بۆ ماوەی سێ رۆژ سێ ژەمە خۆراكی گەرمیان پێشكەش بەو خێزانانە كرد كە لافاو زیانی پێگەیاندبوون.
لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دەست دەكرێت بە دابەشكردنی (سووتەمەنی و پارسێلی خۆراك) بەسەر (2145) خێزان لە گەڕەك و ناحیەكانی زیانمەندی لافاو، لەو هەڵمەتەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپاڵپشتی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، دەزگای روانگە، بەخشەران و خاوەن كۆمپانیا و مانگی سووری ئیماراتی دەبێت.
لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: بە ئەركی لەپێشینەی خۆمان دەزانین بەهانای ئەو خێزانانەوە بچین كە رووبەڕووی كارەساتی سرووشتی لافاو بوونەتەوە، ئێمە لە یەكەم رۆژی روودانی لافاوەكە لەگەڵ پارێزگای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر هێڵ بووین تاوەكو بتوانین بەزووترین كات هاوكاری و یارمەتی بگەیەنینە ئەو گەڕەكانەی كە رووبەڕووی ئەم كارەساتە بوونەتەوە، ئەوەبوو لە یەكەم رۆژەوە دەستكرا بە دابەشكردنی ژەمە خۆراكی گەرم سێ ژمە بۆ ئەو ماڵانەی لە گەڕەكە جیاوازەكان زیانمەندببوون. پاش ئەم پرۆسەیە، بەهەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەكان و یەكە ئیدارییەكان دەستكرا بە ناونووسكردنی ئەو ماڵانەی زیانیان بەركەوتبوو لەگەڵ پرۆسەی خاوێنكردنەوەوی ماڵ و شەقامەكان لە قوڕو لیتەی لافاو. سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لەقۆناغی یەكەمدا بەشێوەی فریاگوزاریی بوو، بەڵام پاش ئەم قۆناغە دەست دەكەین بە دابینكردنی پێداویستی ناوماڵە بۆیان، ئەمەش بەهاوكاری لەگەڵ پارێزگای هەولێر و دەزگای روانگە و مانگی سووری ئیماراتی و ژمارەیەك كەسایەتی خێرخواز و خاوەن كۆمپانیا هاوبەشن لە دابینكردنی یارمەتییەكانیان بۆ زیانمەندان. هەروەها شێوازی دابەشكردنەكانیش بۆ هەر خێزانێكی زیانمەند بەمجۆرە دەبن كە هەر خێزانێك 100 لیتر سووتەمەنی و دوو پارسێل خۆراكیان پێدەدرێت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest