بەبۆنەی ساڵی نوێ و سەری ساڵی زایینییەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری لەگەڵ كەنیسەی شاری تویفنی سویسری و مانگی سوری ئیماراتی هاوكاری بەسەر 505 خێزانی كەمدەرامەتی كریستیان لە شارۆچكەی عەنكاوە دابەش دەكەن.
رێككەوتی 23/12/2021 دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانە بەبۆنەی 25/12 جەژنی سەری ساڵی كریستیانەكانەوە، پرۆژەی جۆراوجۆر بۆ كریستیانەكانی دانیشتووی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكات، لەو چوارچێوەیەدا بەهاوكاری لەگەڵ كەنیسەی شاری تویفنی سویسری هاوكاری (پارسێلی خۆراك و تەندروستی و بالیف) پێشكەشی (505) خێزانی كەمدەرامەتی كریستیانی نیشتەجێی شارۆچكەی عەنكاوە دەكات.
لەو بارەیەوە بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز بەڕێوەبەری بەشی فریاگوزاریی و هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: ئێمە لەژێر دروشمی شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت كە وتەیەكی بارزانیی نەمرە و لەژێر چەتری ئەو وتەیەدا خزمەت دەكەن، بەبێ جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و زمانەكان هاوكاری و پێداویستی بەسەر ئەو كەس و خێزانانەدا دابەش دەكەین كە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە. ئەمڕۆ لە شارۆچكەی عەنكاوەین كە زۆربەی زۆری دانیشتوانەكەی كریستیانن، بەبۆنەی ساڵیادی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (عیسای كوڕی مریەم) سەلامی خوای لەسەر بێت، جگە لە دەربڕینی پیرۆزباییمان بەم بۆنەیەوە لە خوشك و برایانمان، هاوكات هەڵدەستین بە دابەشكردنی هاوكاری (پارسێلی خۆراك و تەندروستی و بالیف) بۆ (505) خێزانی كەمدەرامەتی كریستیان و ئەرمەنی لەم شارۆچكەیە.



