پاش ئەوەی لە رێككەوتی 17/12/2021 بەهۆی بارانێكی بەخوڕ كە بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەند گەڕەك و ناحیەیەكی دەوروبەری شاری هەولێر، كە تیایدا ژمارەیەكی زۆر خێزان زەرەرمەندبوون.
پاش رووداوەكە دەزگای هەڵستا بە دامەزراندنی تیمی فریاگوزاری لەچوارچێوەی ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووانی لافاو. ئەوە بوو لە رۆژی دواتر دەستكرا بە دابەشكردنی ژەمە خۆراكی گەرم سێ ژەمە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو بەهاوكاری لەگەڵ دەزگای روانگە و ژمارەیەك كۆمپانیای خێرخواز لەوانە كۆمپانیای گەلیاوە كە بەشدارییان لەم پرۆسەیەدا كرد، هاوكات لەگەڵ دابەشكردنی ژەمە خواردنی گەرم بەشێوەیەكی بەردەوام دەستكرا بە ناونووسكردن و تۆماركردنی داتای ناوی زیانلێكەوتووانی لافاو لەگەڵ پرۆسەی خاوێنكردنەوەی ماڵەكان و شەقام وەشوێنە گشتییەكان كە لافاو زیانی پێگەیاندبوون، لەگەڵ تیمی گەڕەكی پزیشكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە پشكنین و چارەسەری بۆ برینداران ئەنجامدابوو.
پاش ئەم پرۆسەیە، دەستكرا بە دابەشكردنی سووتەمەنی، كە هەر خێزانێك بڕی 100 لیتریان بەركەوت، لەگەڵ دابەشكردنی پارسێلی خۆراك و پێداویستی دیكەی ناوماڵە، لەگەڵ ئەمەشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەكانی EJCC، دەزگای روانگە، ژمارەیەك كۆمپانیا و كەسایەتی خێرخواز و كۆمەك و هاوكارییەكانی پارێزگای دهۆك، هاوكاری جۆراوجۆر بۆ (2905) خێزانی زەرەرمەندبووی لافاو دابینكرا. لێرەدا ئاماژە بە بڕی شتومەكی دابەشكراو لەم پرۆسەیەدا بۆ رای گشتی دەخەینەڕوو:
(2790) پارسێلی خۆراك، (244700) لیتر نەوتی سپی، (2218) سۆپا، (2340) فەرشی مەتر دووجا، كە هەر خێزانێك 52 مەتری بۆ دابینكرا، (11700) بالیف، (11700) دۆشەك، (12740) بەتانی، هەروەها (500) بەفرگر، (500) تەباخ، (500) جلشۆر كە لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی بارز دابینكرابوو، (400) بوتڵی غاز، (14720) ژەمە خۆراكی گەرم.




