پورتوگال.. دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند رێکخراو و ناوەندێک كۆبوونەوە

رێككەوتی 2/3/2022 لەچوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەوروپا كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان (موسا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و (ئیبراهیم سەمین) جێگری سەرۆكی دەزگا و (ئاوات مستەفا) ئەندامی دەستەی كارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وڵاتی پورتوگال لەگەڵ رێكخراوی گوڵبانك (بۆ بواری پەرەپێدانی مرۆیی و پەروەردە و راهێنانی پیشەیی) كۆبوونەوە.
لەدیدارەكەدا سەرەتا سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی میواندارییەكەی كرد و سوپاسی كونسوڵی عێراق لە پورتوگال بەڕێز (سەیوان بارزانی) كرد و هاوكات كورتەیەكی لەبارەی مێژووی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كارو چالاكییە خێرخوازیی و مرۆییەكانی بەشێوەیەكی گشتی خستەڕوو.
هەر لەدیدارەكەدا سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی لە رەوش و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران كە لە هەرێمی كوردستاندا لە 35 كەمپدا دەژین، هاوكات دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەركی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی 30 كەمپی لە ئەستۆدایە، هەروەها تیشك خرایە سەر بابەتی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان و ئاماژەی بە بابەتی ژینگەپارێزی و پەروەردە و راهێنان كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانێكی زۆر بە بایەخەوە كاری لەسەر كردووە.
لەبەرانبەردا رێكخراوی گولبانك پاش بەخێرهێنانی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەستخۆشییان ئاڕاستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد بۆ ئەو كار و پرۆژانەی لەماوەكانی رابردوودا پێشكەشی كردووە. هاوكات باسی لەو پرۆژانە كرد كە رێكخراوی ناوبراو كاری تێدا دەكات لەوانە (هونەری، زانستی، پەروەردە، كاری خێرخوازیی) و ئاماژەی بە گرنگی ژینگە دا كە لە ئێستادا زیاتر كاری لەسەر دەكەن و دەتوانن پێكەوە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژەی هاوبەشیان هەبێت.
ھەمان رۆژ شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پورتوگال لەگەڵ بەڕێز (نەزیم ئەحمەد) نوێنەری دیبلۆماسی ئیسماعیلیەكان لە وڵاتی پورتوگال كۆبوونەوە.
لەدیدارەكەدا ئامانجی سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ وڵاتی پورتوگال و كۆبوونەوە لەگەڵ رێكخراوەكانی ئەو وڵاتە خرایەڕوو كە ئامانجی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بریتییە لە پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی دەزگا لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازییەكانی سەر بە تائیفەی ئیسماعیلی، بۆ ئەوەی پێكەوە كاری هاوبەش لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن و لەبواری خوێندن و هاوكارییە مرۆییەكاندا پرۆژەیان بۆ ئاوارە و پەنابەران هەبێت لە هەرێمی كوردستان.
لەلایەکی دیکە لەگەڵ بەڕێز ( ئەندێ ڤالێنتێ) بەرپرسی سەنتەری چامپیلۆد بۆ توێژینەوە و چارەسەری نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و مێشك كۆبوونەوە.
لەدیدارەكەدا شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامانجی سەردانەكەیان بۆ وڵاتی پورتوگال خستەڕوو كە دەیانەوێ لەگەڵ سەنتەری ناوبراو پەیوەندی و هەماهەنگییەكی پتەویان هەبێت لەپێناو باشتركردنی سێكتەری تەندروستی لە هەرێمی كوردستان و هاوكاریكردنی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە لەوانە (هیوا، نانەكەلی، ئاوات) كە پێویستییەكی زۆریان بە ئامێر و پێداویستی پزیشكی تایبەت بە چارەسەری ئەو نەخۆشییە هەیە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest