دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵدەستێت بە نۆژەنکردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان.
ئەمرۆ یەکشەمە ٢٤ی٧ی٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەڕێزان ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر و موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانەیان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانی یەکە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەرەوەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم پرۆژەیە بە گوژمەی ٢ ملیۆن دۆلار دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بڕیار وایە بەر لە دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن نۆژەنکردنەوەکان تەواو بکرێن و رادەستی وەزارەتی پەروەردە بکرێنەوە.
هەروەها وەزیری پەروەردە لەلایەن خۆیەوە سوپاس و ستایشی چالاکیەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد کە بە شێوەیەکی بەردەوام پاڵپشتی پرۆسەی خوێندن دەکات.

پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە کۆی ٢٠٠ قوتابخانە تەنها لە شاری هەولێر ٥٠ قوتابخانە سوودمەند دەبن لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان.
هەروەها گوتیشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشێکی گرنگە لە پارێزگای هەولێر و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە ڕو بەڕو بونەوەی ئەو کارەساتە مرۆیانەی بەسەر شاری هەولێردا هاتووە.
لای خۆیەوە سوپاس و ستایشی ڕۆلی کارمەندان و خۆبەخشانی دەزگای کردوو و هیوای بەردەوامی بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی خواست.

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانی یەکەدا موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، کە گرینگیەکی زۆر بە پرۆسەی خوێندن دەدەن و تەنها لەم ساڵدا نزیکەی ١٨١ چالاکیان پەیوەست بە کەرتی پەروەردە هەبووە، هەروەها ڕایگەیاند کە هاوکاری بەردەوامی نزیکەی ١٨٠٠٠ منداڵی ئازیز دەکەن و مەرجی سەرەکی بەردەوامی هاوکاریەکان بریتیە لە ناردنە بەر خوێندنی منداڵەکان.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەلای خۆیەوە بەڵێنی زیاتر خزمەتکردن و بەردەوامی هاوکاریەکانی دا.




