دەزگای خێرخوازیی بارزانی ١٠ قوتابخانە لە پارێزگای نەینەوا نۆژەن دەکاتەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بودجەی 100.000$ دۆلار ١٠ قوتابخانە لە پارێزگای نەینەوا نۆژەن دەکاتەوە.
رۆژی دووشەمە لە رێکەوتی ١٥\٨\٢٠٢٢، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەرێزان (رفعت سمۆ رەشۆ) نوێنەری پارێزگای نەینەوا و ( محمد ملحم مصطفی) بەرێوەبەری پەروەردەی تلكیف و (بەدرەدین نەجمەدین) بەرپرسی ئۆفیسی نەینەوای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پرۆژەی نۆەن کردنەوەی ١٠ قوتابخانەیان راگەیاند.
بەرێز (بەدرەدین نەجمەدین) لە سەرەتای کۆنگرەکەدا گوتی: نۆژەن کردنەوەی ئەم قوتابخانانە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەوە لە درێژی ئەو گرنگی پێدانەیە کە بە کەرتی پەروەردە و پرۆسەی خوێندن دەدات، نۆژەن کردنەوەی ئەم قوتابخانانە پێویستیە چونکە زیانی زۆر بە قوتابخانەکان گەیشتووە لە کاتی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر پارێزگاکە، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا کە هەڵبژاردنی ئەم قوتابخانانە لەسەر داوای بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی نەینەوا بووە.
نوێنەری پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتێکی زۆری مرۆیی و گەشەپێدانی پێشکەش بە شاری موسڵ و هەموو ناوچەکانی عێراق کردووە، پێشتریش دەزگای خێرخوازیی بارزانی قوتابخانەی دیکەی لە موسڵ نۆژەن کردۆتەوە و هەروەها لە سەرەتایی ئازاد کردنەوەی شارەکەدا شان بەشانی هێزە ئەمنیەکان و هێزی پێشمەرگە خزمەتگوزاری پێشکەش بە شارەکە کردووە. هەروەها گوتیشی ئەم پرۆژەیە سەرجەم قەزا و ناحیەکان دەگرێتەوە و هەلی کار دەرەخسێنێت بۆ ٢٥٠ کەس لە خەڵکی شارەکە و پێنج هەزار و پێنجسەد قوتابی سوودمەند دەبن. لە کۆتایی قسەکانیدا بە ناوی خۆی و پارێزگاری موسڵ سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەرێوبەر و سەرجەم کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد.
بەرێوەبەری پەروەردەی تلكیف رایگەیاند: لە راستیدا نۆژەنكردنەوەی دامەزراوە پەروەردەییەكان لە كاری هەرەپێشینەی وەزارەتی پەروەردەیە بۆ گەراندنەوەی ژیان بۆ هەموو دامەزراوە پەروەردەییەكان، دەستپێشخەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ نۆژەن کردنەوەی ١٠ قوتابخانە جێگای پێزانینە و چاوەرێی زیاتریان لێدەکەین، لە کۆتایی قسەکانیدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest