دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم
پارسێلی خۆراك دابەش دەكات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF)، لە درێژەی هاوكارییەكانی بۆ خەڵكی كەم داهات و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم، لە مانگی پیرۆزی رەمەزان پارسێلی خۆراك دابەش دەكات. ئەم پرۆژەیە لە سەرەتای مانگی رەمەزان دەستی پێكردووە و بەردەوام دەبێت.
ستاف ئاسۆ بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رێككەوتی 27/3/2023 رایگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك نەریتێكی ساڵانە لە مانگی پیرۆزی رەمەزان، خەڵكی كەم دەرامەت بەسەر دەكاتەوە، ئەمساڵیش پارسێلی خۆراكی وشك دابەش دەكەین، كە پێكهاتووە لە (برنج، زەیت، نیسك، دۆشاوی تەماتە، ساوەر، ئارد، شەكر و چەند جۆری دیكە، بۆ ئەوەی خەڵكی كەمدەرامەت بتوانن لە مانگی رەمەزان سوودی لێ ببینن”.
ئەوەشی خستە رووك لەو چالاكییە دەزڤای خێرخوازیی بارزانی 3600 پارسێلی خۆراكی دابین كردووە، پشكی هەولێر بۆ 800 خێزانە و ئەمڕۆ (27/3/2023) لە گەڕەكی توڕەق لە هەولێر دەست بە دابەشكردنی كراوە.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە دەستنیشانكردنی خێزانەكان بۆ سوودمەندبوون لەو چالاكییە گوتی: “بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و پارێزگای هەولێر، سەرژمێریی تەواومان كردووە، كۆمەڵێ خێزانی هەژار و كەم دەرامەت دەستنیشان كراون، بۆ ئەوەش كۆمەڵێك پێوەر هەبووە، لەوانە كرێچی و كەم دەرامەت بن و باری ئابوورییان خراپ بێت”.
لە لای خۆیەوە ئاراز توتونچی كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم، سەبارەت بە هەمان چالاكی گوتی: “پێشەكی زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین، كە هەموو ساڵێك رۆڵێكی باڵایان لە یارمەتیدانی ئەو خەڵكە بووە، كە پێویستیان بە یارمەتی هەیە. ئێمەش وەك كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم 12،000 بۆكسی خواردنمان ئامادە كردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری عێراق، لە كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراق دابەشیان دەكەین.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest