دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی، پرۆژەی گۆشتی قوربانییان راگەیاند

بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) و ئەحمەد ئەلزاهری كونسووڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، رێككەوتی 20\6\2023 لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو، پرۆژەی دابەشكردنی گۆشتی قوربانی لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا.
سەرەتا بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وتارێكی پێشكەش كرد، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوبەشی و هاوكارییەكانی وڵاتی ئیمارات لە پرۆژە مرۆیی و خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە تایبەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران و ئازیزان، ئاماژەی بەوە كرد كە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێز كونسووڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، بڕیاریان داوە، پێش هاتنی جەژنی قوربان “جەژنانەیەك” رابگەیەنن، هەر لەو بارەیەوە گوتی: “خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت، ئاوارە و پەنابەران لەو رۆژانە چاویان لەوەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكو ئەو ئەركەی پێی سپێردراوە بۆ خزمەتكردنیان، لەو رۆژانەدا چ جەژنانەیەكیان بۆیان هەیە. ئێمە وەك ساڵانی رابردوو بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات و هەروەها وەكوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژەمان هەیە، بۆ ئەوەی زیاتر لە 10،000 خێزان لەم جەژنەدا سوودمەند بن.” ئەوەشی خستە روو كە بڕی 104،000 دۆلار بۆ گۆشتی قوربانی تەرخان كراوە، كە 69،000 دۆلاری دەوڵەت و رێكخراوەكانی دەوڵەتی ئیمارات لە ئەستۆیان گرتووە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەوە كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەكو مەكۆ و سەكۆیەكی لێ هاتووە و پردێكی بەهێزە لە نێوان خەڵكی دەوڵەمەند و خەڵكی هەژار و كەم درامەت، هاوكات داوای لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەوڵەتانی هاریكاری بەخش و بەتایبەتی خەڵكی سەرمایەداری كوردستان كرد، كە بۆ بەرفراوانتركردنی ئەو پرۆژەیە هاوكار و هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بن.
دواتر بەڕێز ئەحمەد ئەلزاهری كونسووڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، لە وتارەكەیدا دوای پیرۆزبایی جەژنی قورباتن، گوتی: “خوای گەورە بە خێری بگێڕێت بەسەر هەموو وڵاتان و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك. مانگی سووری دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتوو و هەموو رێكخراوە خێرخوازییەكان لە وڵاتی ئیمارات وەكوو دەزگای خەڵیفە و دەزگاكانی دیكەی خێرخوازی كە بەشدارن بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ برا ئاوارە و پەنابەرەكان كە هەرێمی كوردستان میواندارییان دەكات، ئەوڕۆ بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز، لەسەر هەمان رێچكە بەردەوامین، بە هاوكاری لەگەل دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كە هاوبەشی سەرەكیمانە لەگەڵ هەموو رێكخراوە خێرخوازییەكانی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، بە پێشكەشكردنی گۆشتی قوربانی لە جەژنی قوربان كە 10،000 كەس لێی سوودمەند دەبن”.
گوتیشی: “ئێمە بەردەوامین لە پێشكەشكردنی دەستی یارمەتی بۆ برایانمان لە ئاوارە و پەنابەر و پرۆژەكانمان و هەموو رێكخراوەكانیشمان بەردەوامن لەو پێشكەشكردنە كە بەڕێز دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی دایناوە، ئەو بەخشینەش بە ئاراستەی هەموو ئەوانەیە كە پێویستیانە لە هەموو وڵاتانی جیهان”.
كونسووڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی: “سوپاسی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە لەو پرۆژەیە پاڵپشتیی تەواوی كردووین. هەروەها سوپاسی كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەم، كە رۆڵێكی گرینگیان لە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ برایانمان لە ئاوارە و پەنابەران هەیە. هەروەها سوپاسی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەم، بۆ میواندارێتی ئەو چینە گرینگە”.
وەك دواوتەشی گوتی: “لەو بۆنەیە دووپاتی هاوكارییەكانی رێكخراوەكانی ئیمارات بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەم، چەندین پرۆژەی گرنگیش لە نێوانمان هەیە”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest