هەنار تەها نووری قوتابیی یەكەمی وێژەیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان:
شانازی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم
دوای ئەوەی بەڕێز هەنار تەها نووری، قوتابیی بەشی وێژەیی لە پۆلی 12 پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەدەست هێنا، رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوكات سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، وێرای ناردنی پەیامی پیرۆزبایی بە نامەی فەرمی، بڕیاری دا یەكەیەكی نیشتەجێبوونی بۆ دروست بكرێت.
هاوكات بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پەیوەندییەكی راستەوخۆی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز هەنار تەها گوتی: “شانازیت پێوە دەكەین، سەرمان پێت بەرزە و بە ناوی جەنابی كاك مەسرور بارزانی كە سەرۆكی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە پیرۆزباییت لێ دەكەین. هیوادارین نموونەی وەك جەنابت زۆر بێت، بۆ خزمەتكردن بە خۆت، خانەوادەت و وڵاتەكەت. ئێمە چۆن لە رابردوو لەگەڵت بووین، لە قۆناغەكانی داهاتووش لەگەڵت دەبین. پشتیوانی ئێوە و قوتابییە هاوشێوەكانت دەبین و ئەوەی لە تواناماندا بێت، خزمەتتان دەكەین”.
گوتیشی: “بۆ ئێمە گەورەترین شانازی ئەوەیە كە ئەو وتە جوانەی بارزانیی نەمر بە جێ بگەیەنین، كە فەرموویەتی: ((شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت)). ئێمەش خۆمان بە خزمەتكاری هەر مرۆڤێك دەزانین كە دەیەوێت خزمەتی وڵاتەكەی خۆی بكات. كەس نییە وەك خانەوادەكەت بەو سەركەوتنەت دڵخۆش بێت، بەڵام ئێمە بەشێكین لە خانەوادەكەت و هیوادارن بتوانین جێی باوكت بگرینەوە. دێینە خزمەتتان و دیاریشمان بۆت دەبێت”.
لە لای خۆیەوە قوتابیی یەكەمی وێژەیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: “من شانازی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، خوای گەورە بتانهێڵێ بۆ ئێمە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی ماوەی 10 ساڵە بە بێ ماندووبوون هاوكاریی ئێمەیان كردووە، بەڕاستی قەرزاری ئەوانین و هەزار بارە سوپاس بۆ هاوكارییەكانتان”.