یارییەكانی خولی “پاڵەوانێتی هیوا” لە یاریی تۆپی پێی بچووككراوە لە مێرگەسۆر، كە لە ژێر چاودێریی رێزدار چیاڤان نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوون، كۆتایی هات و دواناوەندیی كوڕانی مەزنێ توانی بە لێدانی یەكلاكەرەوە نازناوی خولی پاڵەوانێتی هیوا بەدەست بهێنێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، لە ژێر چاودێریی رێزدار چیاڤان نێچیرڤان بارزانی، رێککەوتی 22ی9ی2023 لە یاریگای گوندی بارزان لە مێرگەسۆر، لە رێوڕەسمێكدا دەستپێکردنی خولی “پاڵەوانێتی هیوا”ی بۆ یاریی تۆپی پێی بچووككراوە راگەیاند. یارییەكان لە كاتژمێر 5ی ئێوارەی رۆژانی (پێنج شەممە، هەینی و شەممە) بەڕێوە چوون و زیاتر لە یەك مانگی خایاند.
هەریەك لە تیپەكانی بارزان، مەزنێ، پیران و بلێ گەیشتنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و لە دوو یاریدا، بە لێدانی یەكلاكەرەوە كۆتاییان هات، كە بلێ بەرانبەر بارزان و مەزنێش بەرانبەر پیران یاریی كرد.
رۆژی شەممە رێككەوتی 28ی10ی2023 یاریی کۆتایی بۆ بەدەستهێنانی جامی خولەكە لە نێوان تیپەكانی دواناوەندیی مەزنێ و دواناوەندیی بلێ ئەنجام درا، دواناوەندیی كوڕانی مەزنێ بە لێدانی یەكلاكەرەوە نازناوی خولی پاڵەوانێتی هیوای بەدەستهێنا.
لە رێوڕەسمی كۆتایی خولەكەدا بەڕێزان چیاڤان نێچیرڤان بارزانی و موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی مەدالیاكانیان بەسەر یاریزانانی تیپی سەركەوتوودا دابەش كرد.
پاڵەوانێتی هیوا لەسەر راسپاردەی رێزدار چیاڤان نێچیرڤان بارزانی بە هاوكاری و پاڵپشتیی دەزگای خیرخوازیی بارزانی، بە مەبەستی پاڵشتیكردنی چینی قوتابیان و لاوان لە سنووری پەروەردەی میرگەسۆر و بە ئامانجی دروستكردنی رۆحییەتی پێشبڕكێ و رەخساندنی هەل بۆ قوتابیانی بەهرەمەند دەستی پێكرد. شێوازی چوونەدەرەوەی تیپ لە خولەكە بە دوو دۆڕان بوو، سنوورەكەش كرا بە دوو بەش(بازنەی گۆڕەتوو و بازنەی بارزان)، سەرجەم كەلوپەل و پێداویستیی خولەكە و گواستنەوەش لەلایەن دەزگای خیرخوازیی بارزانی بۆ بەشداربووان دابین كران.





