دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی كونسووڵی گشتیی چین جانتا و پەڕاوگە بەسەر قوتابیاندا دابەش دەكات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) بە هاوكاریی كونسووڵی گشتی چین، لە هەولێر 1200 جانتا و پەڕاوگە و پێداویستیی خوێندن بەسەر قوتابیاندا دابەش دەكات.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و لیو جون(Liu Jun) كونسووڵی گشتیی چین لە هەولێر و لە چوارچێوەی پڕۆژەی(پاندا پاک) و بە هاوكاریی(Alibaba Philanthropy -دەزگای چاكەخوازیی عەلی بابا) و(CHINA FOUNDATION FOR RURAL DEVELOPMENT -دەزگای چینی بۆ پەرەپێدانی گوندەكان) و كونسووڵی چین لە هەولێر، رۆژی 7ی11ی2023 لە قوتابخانەی بنەڕەتیی(ئەلعەتا) لە كەمپی هەرشەم لە سنووری پارێزگای هەولێر، پرۆژەی(پاندا پاک) راگەیەندرا. پرۆژەكە دابەشكردنی 1200 جانتا و پەڕاوگە لەخۆ دەگرێت، لە دەستپێكی پرۆژەكەش قوتابیانی قۆناغی یەكەم و دووەمی بنەڕەتی لەو قوتابخانەیە دیارییەكەیان پێشكەش كرا.
دەستپێكی رێوڕەسمەكە كۆنگرەیەكی میدیایی بوو، بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە لێدوانەكەیدا دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، گوتی: “خۆشحاڵین كە ئەوڕۆ پێشوازی لە هاوكارییەكی جوانی وڵاتی چین دەكەین بۆ قوتابیانی خۆشەویست، ئەم هاوكارییە بە لای ئێمەوە بابەتێكی گرنگە، بەتایبەتی كە ماوەیەكە هاوكاریی نێودەوڵەتی زۆر كەمی كردووە”. سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هیوای خواست، هەرچی زووتر خەڵكی خۆشەویستی ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكان بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە بە زێدی خۆیان شاد ببنەوە، گوتیشی: “هەتا ئەو ئازیزانە لێرە بمێننەوە، ئەركی هەموو لایەكمانە كە خزمەتیان بكەین، ئەم هاوكارییانە و هەوڵەكانی بەردەوامی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئێمەومانان، وادەكات باشتر بتوانین خزمەتیان پێشكەش بكەین”. باسی ئەوەشی كرد، كە تا ئێستاش زیاتر 90 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە 35 كەمپی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، جەختی لەوەش كردەوە كە هاوكارییەكان لە ئاستێكی باشدا نین، هەر لەو بارەیەوە گوتی: “لە ساڵی 2022 تەنیا 4 جار پاكێجی خۆراكی دابەش كراون، بەڵام لە مانگی 10ی ئەمساڵەوە(2023) وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هەوڵ دەدات، مانگانە ئەو هاوكارییانە بەردەوام بێت”. داواشی كرد لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما سووتەمەنی بۆ دانیشتووانی كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكانیش دابین بكرێت.
بەڕێز لیو جون(Liu Jun) كونسووڵی گشتیی چین لە هەولێر، سەرەتا هاوخەمی بۆ ئاوارە و پەنابەرانی بێ ماڵ دەربڕی و دەرگا واڵاكردنی هەرێمی كوردستانیشی بۆ ئاوارە و پەنابەران بەرز نرخاند. هاوكات باسی ئەوەی كرد كە وڵاتەكەی كار بۆ نەهێشتنی هەژاری دەكات و لە چەند دەیەی رابردووش نزیكەی 770 ملیۆن كەسیان لە هەژاری رزگار كردووە.

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەوەی كە ئایا لە هاوكارییەكانیان بەردەوام دەبن و چ پرۆژەیەكی دیكەی هاریكاریی مرۆییان لە هەرێمی كوردستان دەبێت؟ گوتی: “بە دڵنیاییەوە ئێمە هیوا دەخوازین لە هاوكارییەكان بەردەام بین، ئەمڕۆش كە یەكەم جارە سەردانی ئەم كەمپە بكەم، زۆر دڵخۆشم كە دەبینم، ئەو منداڵە ئازیزانە دڵخۆشن بە دیارییەكان، كە لە لایەن(پاندا پاك)ی چینی دابین كراون. وڵاتی چین توانیویەتی بەسەر چەندین دیاردەی هەژاریدا زاڵ بێت، خەڵكی زۆریشی لە هەژاری رزگار كردووە. بەڵام ئەمە بەس نییە، دەبێت لەگەڵ جیهاندا كاربكەین، بۆ ئەوەی هیچ نەتەوە و وڵاتێك جێ نەهێڵدرێت”، گوتیشی: هیوا دەخوازین لە داهاتوودا كەلوپەلی زیاترمان بە دەست بگات و لە رێگەی كونسووڵخانەكەمانەوە بەسەر خەڵكدا دابەشی بكەین”.
بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە وتارەكەیدا دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و دەربڕینی سوپاس پێزانینی بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كونسووڵی چین، رایگەیاند، “دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئاستی کەمپەکاندا خزمەتێکی زۆر كردووە و، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئێستا ناسنامەیەكی مرۆیی هەرێمی کوردستان بە هەموو جیهان نیشان دەدات”. وەك باسی كرد، مەبەست لە پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییانە بۆ قوتابیان بەرەوپێشبردنی خوێندنە لەناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و گوتیشی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هیچ جۆرێک لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەر و ئاوارەکان بۆ سەر زێدی باب و باپیرانیان نییە. سەرەڕای دۆخی سەختی خۆمان، تا ئەو کاتەی ئاوارەکان لێرە بن، خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەین”.
هیواشی خواست “ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە شکۆمەندی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و، ئەو گرفت و ئاستەنگانەی بوونەتە هۆی ئاوارەبوونیان، چارەسەر ببن و بگەڕێنەوە”. گوتیشی، “ئێمە سوپاسی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو نێردەیەکی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان دەکەین کە هاوکارییان کردووین. چاوەڕوانیمان لەوان هەیە، بە هۆی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق داویەتی، پاڵپشتی و پشتگیریی کەمپەکان کەم بووەتەوە، بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، هاوکارمان بن بۆ ئەوەی ئاستی خزمەتگوزاری لە کەمپەکان کەم نەبێتەوە”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest