لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە رۆژی 22ی11ی2023 لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كونسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر بەڕێوە چوو، بڕیاری گەیاندنی هاوكارییەكانی مرۆیی بۆ خەڵكی فەلەستین راگەیەندرا.
سەرەتا بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە لێدوانەكەیدا بۆ میدیاكان، سەرەخۆشی لە خەڵكی فەلەستین و بەڕێز كونسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر كرد، هەر لەو بارەیەوە گوتی: “بە ناوی كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ناوی خەڵكی كوردستان، بەناوی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەتایبەتی بە ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ئێوە و خەڵكی فەلەستین و زیانمەندانی ئەو كارەساتە دەكەین”. هیوای چاكبوونەوەی خێراشی بۆ بریندارەكان خواست و خوازیاری ئەوە بوو، “ئاشتی و تەبایی باڵی بەسەر ناوچەكە و هەموو جیهاندا بكێشێت”. هاوكات گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پێی ئەوەی كە نوێنەرایەتیی كەیسی مرۆڤایەتی لە كوردستان دەكات، هەروەها ئەندامی مەجلیسی كۆمەڵایەتیی و ئابووریی(UN)ـە، بۆیە لە هەر بوارێكی مرۆییدا، لە ناوچەكە، جگە لەوەی كە چاوی زیانمەندان و هەموو خەڵكی كوردستانیشی لەسەرە، هەوڵی داوە كە چۆن بتواێت ئەو پەیامە مرۆییە كە خەڵكی كوردستان بە درێژایی مێژوو پێی ناسراون، بگەیەنێتە جێی خۆی و بۆ ئەو كێشە مرۆییانە نوێنەرایەتیی كوردستانییان بكات. هەر بۆیە لە 18ی مانگی 10 و پێشتریش پەیوەندیمان لەگەڵ جەنابی باڵیۆزی فەلەستین و لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوە هاوبەشەكانمان هەبووە، كە چۆن بتوانین هەماهەنگی و هاوكاری بكەین و چی پێویستە پێشكەش بە خەڵكی زیانمەندی بكەین. بەردەوامیش جەنابی سەرۆك بارزانی، جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئێمە لە ناو جەرگەی رووداوەكان بین، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی نیازمەندان بكەین”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا سوپاسی كارمەندانی دەزگای كرد و هەر لەو بارەیەوە گوتی: “لە روودانی كارەساتەكان، چ سرووشتی و چ دەستكرد وەك شەڕەكان، بە شانازییەوە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پاڵپشتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە دەستێكی پڕ لەوێ ئامادە بوون، تا ئێستاش بۆ خزمەت لەو بوارەدا ئارەزوومەندانە كێبڕكێی یەكدی دەكەن”.
جۆری هاوكارییە مرۆییەكە بۆ خەڵكی غەززە بریتین لە:
14 تۆن دەرمان و كەلوپەلی پزیشكی، 2500 پارسێلی خۆراك، 200 كارتۆنی خاوێنكردنەوە و 400 كارتۆنی گەورەی جلوبەرگ
وەك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی كرد، ئەم هاوكارییانە لە رێگەی ئاسمانی (فڕۆكەخانەی میسر) رەوانەی غەززە دەكرێن.
بەڕێز موسا ئەحمەد ئەوەشی دووپات كردەوە، كە هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی مەیدانی لە شوێنی كارساتەكە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و كاری فریاكەوتن ئامادە بن. ئەوەشی راگەیاند كە دەرگەی هاوكارییەكان كراوە دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاریی مرۆیی زیاتر پێشكەش بە نیازمەندان و زیانپێكەوتووانی شەڕەكە لە فەلەستین بكەن.
دواتر بەڕێز نەزمی حزووری كونسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر و كاربەڕێكاری باڵیۆزی فەلەستین لە عێراق، لە لێدوانەكەیدا بۆ میدیاكاران، سەرەتا “دروود و نەمریی بۆ گیانی مەلا مستەفا بارزانی” نارد و رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بواری هاوكاریی مرۆیی بەرز نرخاند و لەبارەی ئەو هەڵەمەتی ناردنی هاوكارییانە بۆ خەڵكی فەلەستین بەمجۆری رای خۆی دەر بڕی: “ئەوەی لەم رۆژە و لەم شوێنە كۆمان دەكاتەوە، لەگەڵ پەیامی خوالێخۆشبووی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، ناوی رێكخراوەكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە. نامۆ نییە لەلایەن كوردەوە دەستی هاوكاری بۆ گەلی فەلەستین و رۆڵەكانی درێژ بكەن، بە تایبەت لەم قۆناغەدا كە گەلەكەمان تووشی داگیركاری و دەستدرێژیی ئیسرائلییەكان بوونەتەوە، لە كەرتی غەززە شار و خێوەتگە هەن، وەكوو ئەوەی لە دەڤەری فەلەستینی هەیە. لە ئەنجامی ئەوە هەزاران شەهید و بریندار و لێقەوماو و ئاوارە هەن، دوو ملیۆن و نیو فەلەستینی رووبەڕووی برسێتی و تینوویێتی و هەموو لێبڕینێكی كەرەستەی پزیشكی و پێداویستیی ژیان بوونەتەوە. پزیشكەكان دەناڵێنن، وەكوو پیاوانی بەرگریی شارستانی و وەكوو هەموو رۆڵەی گەلی فەلەستینی.
لە لایەن خۆمەوە قسەم لەگەڵ رێزدار موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، گوتم: ئەگەر بوومەلەرزەیەك لە وڵاتێك روو بدات، وڵاتان پەلە پەل دەكەن بۆ پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەك بۆ هەڵگرتنەوەی پاشماوەكان، كە بە هۆی بوومەلەرزە دروست بوون، ئەوەش هەموومان دەیبینین، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، ئەوەیە منداڵانی فەلەستین بە دەستی خۆیان پاشماوە لا دەدەن، بۆ گەڕان بە دوای دایك و باوك و برا و خوشكەكانیان، وەكوو چۆن باوك بە دوای خێزانەكەیدا دەگەڕێت، یان دایك بە دوای منداڵەكانیدا دەگەڕێت، هەروەها ئەوەی دەیبینین، ستەمكاری و رانەگرتنی ئاگربەست و ئەو بڕیارانەیە كە پاڵپشتیی دەستدرێژیكردنی زیاتر لەسەر گەلی فەلەستینی دەكەن.
لەم روانگەوە سوپاسی خۆمان ئاراستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین، بۆ ئەو پاڵپشتییەی كە نموونەیەكمان لێی بینی، بەو توانایە زۆرەی و وەكوو ئەوەی بیستمان، چەندین جار دووبارە دەبێتەوە وەكوو یارمەتی بۆ رۆڵە لێقەوماوەكەمان لە غەززە، ئەم كەرەستانەش پێداویستیی پزیشكی و خۆراك و جلوبەرگی زستانەن كە هیوادارین گەرمی ببەخشێت بە رۆڵە و منداڵانی فەلەستین كە ئازار دەكێشن لە دەربەدەری، لە ئەنجامی وێرانبوونی خانووەكانیان. ئەوان ئێستا لە كەمپەكان و قوتابخانەكانن، ئەو قوتابخانەیانە كە لە ژێر ئاڵای نەتەوە یەكگرتووەكانە، بەڵام ئەم ئاڵایە نەیتوانی منداڵ و خێزانە فەلەستینییەكان بپارێزێت، بەڵكوو چەندین قوتابخانە بە ئامانج گیران و وێران بوون، هەروەها چەندین بیری ئاو بەئامانج گیران و هەندێك خێزان بۆ ماوەی چەندین رۆژ یەك دڵۆپ ئاویان نەخواردووە و نەیانتوانی دڵۆپێك ئاو بۆ خێزانەكانیان دابین بكەن.
ئەمڕۆ روومان ئاراستەی گەلەكەمان دەكەین و دەڵێین: ئێوە بە تەنیا نین ئەی رۆڵە فەلەستینییەكانمان و گەلی غەززە. ئەمڕۆ ئەم هاوكارییە مەزنە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەنگێكە لە كوردستان دەڵێت: ئێمە لەگەڵتانین و ئێوە بە تەنیا نابن. بۆیە بە ناوی گەلی فەلەستینی لە غەززە و بە ناوی سەركردایەتیی فەلەستینی و بە ناوی سەرۆكی فەلەستین مەحموود عەباس، سوپاس و پێزانینێكی بێپایانتان ئاراستە دەكەین، بەرانبەر ئەو بەخشینە كە یەكەمجاریش نییە و هەموو كات رێزتان لێ ناوین، بە گەرمیی پاڵپشتی و هەڵوێستەكانتان و لە باوەشگرتنی تێكۆشان و دادپەروەری و مافەكانی گەلی فەلەستینی، ئەمە وتەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بوو كە گوتی: مافی گەلی فەلەستینیە وڵاتی هەبێت”.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی مرۆیی رەوانەی فەلەستین دەكات
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest
نوێترینەکان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات پشتیوانی لە ئازادیی خوێندن بە زمانی دایك بكەن
01/12/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »
دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان
27/11/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »