سه‌رۆكى دەزگای خێرخوازیی بارزانى پێشوازى له‌ شاندى دوو دەزگای خێرخوازيى ئه‌مريكى ده‌كات

شاندى دەزگاكانى خێرخوازیی (LDS) و (The Stirling Foundation)، رۆژی 21ی1ی2024 سه‌ردانى سه‌رۆكايه‌تيى دەزگای خێرخوازیی بارزانى(BCF) يان له‌ هه‌ولێر كرد و له‌ لايه‌ن به‌ڕێز موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى دەزگای خێرخوازیی بارزانى، به‌ گه‌رمى پێشوازييان لێ كرا.
له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا كه‌ به‌ڕێزان ئيبراهيم سه‌مين جێگرى سه‌رۆكى دەزگای خێرخوازیی بارزانى و پیر ڕۆلاند جەی باک و بۆیس فیتزگێراڵد لە دەزگای خێرخوازیی (LDS) و بەڕێز بریتنی ستێرلینگ، بەرپرسی ده‌زگاى(The Stirling Foundation) لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماده‌ى بوون، تاتوێكردنى پرۆژەكانی هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتريان بۆ داهاتوو گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا.
به‌ڕێز كارزان نوورى ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێڕيى دەزگای خێرخوازیی بارزانى، له‌ لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ ميدياى(BCF) سه‌باره‌ت به‌و ديداره‌ گوتى: “دەزگای خێرخوازیی (LDS)ى ئه‌مريكى له‌ ساڵى 2014 وه‌ تا ئێستا به‌ به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵ ده‌زگاى خێرخوازیی بارزانى هاوبه‌ش و هاوكار بوون و چه‌ندين پڕۆژه‌ى هاوبه‌شى مرۆييان له‌ سه‌رانسه‌رى هه‌رێمى كوردستان و له‌ سێكته‌ره‌ جياوازه‌كان هه‌بووه‌، ئه‌و پرۆژانه‌ كاريگه‌ريى زۆريان له‌سه‌ر ژيانى خه‌ڵك بووه. پرۆژه‌ى به‌رده‌وام و كورتخايه‌نيشى تێدا بووه‌، له‌ سێكته‌رى په‌روه‌رده‌ش وه‌كو نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كان و دروستكردنى پۆلى زياتر بۆ ناوه‌نده‌كانى خوێندن و دابينكردنى پێداويستيى خوێندن بۆ قوتابيان به‌شدار بوون، هه‌روه‌ها پێداويستيى پزيشكى و ده‌رمانيان بۆ نه‌خۆشخانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دابين كردووه‌ و و چه‌ندين پرۆژه‌ى هاوبه‌شى فرياكه‌و‌تنمان هه‌بووه‌، خزمه‌تى به‌رچاويشيان به‌ خاوه‌ن پێداويستييانى تايبه‌ت كردووه‌. به‌گشتى يه‌كێك له‌ هاوبه‌شه‌كانى به‌رچاوى دەزگای خێرخوازیی بارزانى بوون. هه‌روه‌ها ده‌زگاى(The Stirling Foundation) له‌ دوو ساڵى رابردوودا چه‌ند پرۆژه‌ى هاوبه‌شمان پێكه‌وه‌ هه‌بووه‌. ئه‌م ده‌زگايه‌ش هاوبه‌شى درێژخايه‌نى پرۆژه‌كانى دەزگای خێرخوازیی بارزانى ده‌بن”.
گوتيشى: “دواى هاتنى شاندى باڵاى ئه‌و دوو دەزگایه‌ و له‌ ديداريان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكايه‌تيى دەزگای خێرخوازیی بارزانى، جه‌خت له‌وه‌ كرايه‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا پرۆژه‌ى هاوبه‌شى زياترمان له‌ بواره‌ جياوازه‌كان ده‌بێت، كه‌ كاريگه‌رى درێژخايه‌نى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى و عێراقى ده‌بێت”. شايانى باسە هەر دوو شاندەكە و هەر لە هەمان رێككەوت سەردانی (سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم)یان لە هەولێر كرد، بەڕێز دكتۆر رەوشت رەشید سیمینارێکی زانستی لەسەر ئۆتیزم پێشکەش کرد و دواتر شاندەكان گشت بەشەکانی سەنتەرەكەیان بەسەر كردەوە

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest