جلوبەرگی زستانە بۆ 200 منداڵی ئازیز دابین دەكرێت

بینینی خەندە و پێكەنینی قووڵی ئەو منداڵانەی لە خۆشیی هەڵبژاردن و پۆشینی جلوبەرگ و لەپێكردنی پێڵاوی نوێ دڵخۆشن، بە جۆرێك مرۆڤ ئاسوودە دەكات، لە ناخەوە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەخشەران بكات، كە توانیویانە ئەو خۆشییە بخەنە ناو دڵی 200 منداڵی ئازیز، كە بەهۆی لەدەستدانی باوكیان، ساڵانێكە بێ ناز بوون.
بەشی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، به‌ هاوكاريى خێرخوازێك كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، رۆژی 30ی 1ی 2024 لە هەولێر جلوبەرگی زستانە و پێڵاوی بۆ 200 منداڵی ئازیز (بێباوك) دابین كرد.
200 منداڵانی ئازیز كە هەموویان قوتابی بوون لە قۆناغەكانی بنەڕەتی تا ئامادەیی دەخوێنن، دڵخۆش بوون بەوەی كە بە ویست و بژاری خۆیان جلوبەرگی زستانە و پێڵاو دەكڕن. زۆربەیان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە جگە لە جلوبەرگ چیت پێویستە و دەتەوێت چی دیكەت بۆ بكرێت، هەر بەو بازاڕكردنە دڵخۆش بوون و داوای شتی دیكەیان نەدەكرد، بەڵام یەكێك لەو منداڵانە بە ناوی (م. ش) تەمەن 13 ساڵ كە قوتابیی قۆناغی بنەڕەتییە، هیوای ئەو دڵخۆشبوونەی بۆ خوشك و برا بچووكەكانیشی دەخواست.

بەڕێز موحسین محەمەد ساڵح، بەرپرسی یەكەی ئازیزان و بێهاوژینانی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوە كرد، چالاكییەكەیان بە پاڵپشتیی خێرخوازێكی بەڕێز ئەنجام داوە، گوتیشی: “یەكەی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە زۆر بەستەردا هاوكاریی ئازیزان دەكات، لە رووی دارایی و خۆراكی و پێداویستییەكانی خوێندن و تەندروستی و…هتد” .
سەبارەت بە جۆری هاوكارییەكەش، ئاماژەی بەوە كرد، بەخشەر و سپۆنسەرە بەڕێزەكان خۆیان دەستنیشانی دەكەن، كە جاری وایە پارەی كاشە و زۆر جاریش كڕینی جلوبەرگ و پێداویستیی جۆراجۆرە بۆ ئازیزان.

سەبارەت بە هۆكاری دابیننەكردنی جلوبەرگ بۆ هەموو منداڵانی ئازیزی خێزانێك، بەرپرسی یەكەی ئازیزان و بێهاوژینانی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: “لەبەر ئەوەی دایك و سەرپەرشتی منداڵەكان ناتوانین لەگەڵ منداڵانی ئازیز ببەین بۆ مۆڵەكان كە قەرەباڵغییەكی زۆر دروست دەكات، هەروەها بەهۆی ئەوەی منداڵی ژێر تەمەن شەش ساڵ بێ دایكی ناحەوێتەوە، بۆیە بەداخەوە ئەوان لەو چالاكییانە بێبەش دەبن. بەڵام خۆشبەختانە خێزانیش هەن، پێنج منداڵیان لە چالاكییەكە سوودمەند بوون”.
روونیشی كردەوە، لە زۆر سێكتەری دیكەش و بەتایبەتی ئەوانەی ناویان لە بەشی ئازیزان و بێهاوژینانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تۆمار كراوە و كەفیل كراون، هەموو ئەندامانی خێزانی ئازیزەكان سوودمەند دەبن. بۆ نموونە تەنیا لە بەستەری ئیمارات زیاتر لە 3 هەزار و 800 منداڵی ئازیز هاوكاریی داراییان بۆ دێت.

گوتیشی: “جگە لەوانە، ئێمە مەبەستمانە ئەو منداڵانە دڵخۆش بكەین، وەك گەشتێك بێنە مۆڵەكان و مەلەوانگە و گۆڕەپانی ئەسپسواری و چالاكی مەیدانییش ئەنجام بدەن”.
بەشی ئازیزان و بێهاوژینان، لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گرنگییەكی زۆری پێدراوە و بەخشەران و خێرخوازان لە سەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەرەوەش هاوكاری دارایی بۆ دابین دەكەن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest