تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هانای زیانبەركەوتووانی لافاوی دهۆكەوە دەچن

بە هۆی كارەساتی سرووشتی و بەرزبوونەوەی ئاوی باران و روودانی لافاو لە چەندین گەڕەكی شاری دهۆك، زیانێكیی زۆر بە دانیشتووانی شارەكە گەیشت و تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، بە خێرایی لە شوێنی رووداوەكان ئامادە بوون، بۆ ئەوەی بە هانای زیانمەندانەوە بچن.
لە رۆژانی كۆتایی ساڵی كوردی و رۆژی 19ی3ی2024، هاوكات لەگەڵ لە روودانی لافاو لە چەندین گەڕەكی شاری دهۆك، لەسەر راسپاردەی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیمەكانی فریاگوزاریی دەزگا، بە خێرایی لە شوێنی رووداوەكان ئامادە بوون و هاوكات لەگەڵ هەڵمەتی رزگاركردنی لێقەوماون و دەربازكردنی بەساڵاچووان و منداڵان، چەندین چالاكیی جۆراوجۆریان ئەنجام دا، كە بەم شێوەیە بوون:
تیمەكانی فریاگوزاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رۆژی 20ی3ی2024 هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكییان گەیاندە 100 خێزان لە سەنتەری شاری دهۆك و هەر خێزانێك (4 بەتانی و 4 دۆشەك و یەك كارتۆن پارسێلی خۆراك) یان پێشكەش كرا. هەروەها بە هۆی ئەوەی كارەساتەكە لە مانگی پیرۆزی رەمەزان روویدا، ئەو خێزانانەی كە زیانیان بەركەوتووە لە روودانی لافاوەكە و بە ناچاری لە هۆتێلەكان دەمێننەوە، خواردنی گەرم و بەربانگیان بۆ ئامادە كرا.
بە هاوكاریی هۆڵه‌ند بازاڕ و خواردنگه‌ى نمليه‌، له‌ دهۆك، بۆ ماوەی دوو رۆژ، خواردنى به‌ربانگ بۆ 230 كه‌س دابين كرا، كه‌ به‌ هۆى لافاو و تێكچوونى ناوماڵيان ناچارن له‌ هوتێل بمێننه‌وه. هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆك و(سیپان هاوس)، رۆژی 23ی3ی2024 شیرینی و دیاری بەسەر 120 منداڵ لە 11 هۆتێلی دهۆك دابەش كرد، كە له‌گەڵ خێزانەكانیان لە هوتێل دەمێننه‌وه.
خاوێنكردنەوەی ناوماڵی هاووڵاتیان و گەڕەكەكانی شارەكە و گەیاندنی ئاوی تانكەر بە هاووڵاتییان بەشێكی دیكەی هەڵمەتی چڕوپڕی تیمەكانی فریاگوزاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون، كە چەند رۆژی خایاند.
لە درێژەی ئەو چالاكییانەدا رۆژی 21/3/2024 بەڕێز عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك سەردانی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، لە كاتی كاركردنیان لە شوێنی رووداونی لافاو لە گەڕەكەكانی شاری دهۆك، بەڕێزیان سوپاس و پێزانینی خۆیان و پارێزگای دهۆكیان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تیمەكانی فریاكەوتنی راگەیاند و هەوڵەكانیانی بەرز نرخاند، كە لە ماوەی روودانی لافاوەكە بێ ماندووبون كاریان كردووە و بە هانای لێقەوماوان هاتوون.
بەپێی زانیارییەكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانی لە پارێزگای دهۆك، لەو رووداوەدا، ئەگەرچی 120 كه‌س له‌ مه‌ترسی ڕزگار كران، بەڵام مخابن سێ هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا، 11 كه‌سیش بریندار بوون. 150 خانوو و 50 ئۆتۆمبێلیش زیانی گەورەیان بەركەوت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest