عەفرین… تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی زیانبەركەوتوانی لافاو دەكەن

دانیشتووانی سێ گوندی سەر بە ناحیەی جندرێس لە سنووری عەفرین بە هۆی بارانبارینی زۆر و رووداوی سرووشتیی لافاو زیانمەند بوون و تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهانایانەوە چوون.
بەڕێز رەواج حاجی ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دوسێی سووریا، رایگەیاند “دوای بارانبارینی بە لێزمەی رۆژی 24ی5ی2024 لە سنووری عەفرین، دانیشتووانی سێ گوندی سەر بە ناحیەی جندرێس، زیانێكی زۆریان بەركەوت. تیمەكانی فریاگوزاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تیمی پزیشكیی گەڕۆك و كۆمەڵێك خۆبەخش، بە خێرایی لە شوێنی رووداوەكان ئامادە بوون و هاوكاریی زیانبەركەوتوانی لافاوەكەیان كرد”.
گوتیشی: “جگە لە هەڵمەتی خاوێنكردنەوەی رێگاوبان و خاوێنكردنەوەی زیاتر لە 50 خانووی گوندەكانی (تەلسلۆر، دێوان، خربەعەلۆش)، پارسێلی خۆراك و هاوكاریی ناخۆراكی بەسەر هەموویاندا دابەش كرا. هاوكات تیمی پزیشكیی گەڕۆك، دوای پشكنین، دەرمان و چارەسەری بێ بەرانبەریان بۆ ئافرەتان و منداڵ و پیاوان دابین كرد”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest