لە ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی ئافرەتاندا، لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سیمینارێكی تایبەت بۆ كارمەندانی ئافرەتی دەزگا بەڕێوەچوو، لە كۆتاییدا دیارییان پێشكەش كرا.
بەڕێز – چنار سامی كارمەندی نۆژداریی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕایگەیاند: “ڕۆژی 28ی مانگی مەی هەموو ساڵێك، لە ساڵی 2011ـەوە وەك ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی ئافرەتان دەستنیشان كراوە و هەر لەم ڕۆژەشدا لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڕێز – د. هیران سەلام، سیمینارێكی هوشیاركردنەوەی تەندروستی و خۆپارێزی، بۆ خانمانی كارمەندی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئۆفیسی هەولێر پێشكەش كرد. كە تێیدا تیشكی خستە سەر ڕێكارەكانی پاراستنی تەندروستی و خۆپارێزی لە بەكارهێنانی ئەو دەرمانە نەگەنجاوانەی كە زەرەر لە تەندروستیی ئافرەت دەدات و بنەمای زانستییان نییە و تەنیا بۆ بزنێس هاوردە كراون”.
بەڕێز – چنار سامی، ئەوەشی خستەڕوو، كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی گشتی و جددی، كار لەسەر سێكتەری تەندروستی دەكات”. گوتیشی: “لەم ڕۆژە جیهانییەی تایبەت بە تەندروستیی ئافرەتانیش بە پێویستمان زانی ئەو سیمیناە ڕێك بخەین. لە كۆتاییدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە زۆربەی خانمان لە ئێستادا تووشی هەڵوەرینی پرچ بوون، دوای گەڕان و بەدواداچوون باشترین جۆری ئۆرژیناڵی شامپۆی دژە هەڵوەرینی پرچمان بۆ بەشداربووانی سیمینارەكە دابین كرد، لەگەڵ ماسكێكی دەموچاو و كرێمی لێو كە لەم وەرزەدا تووشی قڵیشان و وشكبوون دەبێت”. داواشی لە خانمانی بەرێز كرد، “بە تەواوی گرنگی بە خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستیی خۆیان بدەن و لە بەكارهێنانی ئەو دەرمانە كە زەرەر لە تەندروستییان دەدات، دوور بكەونەوە”.


