دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیماراتی پڕۆژەی دابەشكردنی گۆشتی قوربانی رادەگەیەنن

دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF) بە هاوبەشیی دەوڵەتی ئیمارات و مانگی سووری ئیماراتی، رۆژی 10ی6ی2024، لە كۆنگرەیەكی میدیایی و بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەحمەد ئەلزاهیری كونسووڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی دابەشكردنی گۆشتی قوربانی راگەیەندرا.
بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنەكەیدا بۆ میدیاكاران، سەرەتا بە بۆنەی نزیكبوونەوە لە جەژنی قوربانی پیرۆز، بە ناوی كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەژنە پیرۆزەی لە موسڵمانانی كوردستان و جیهان كرد. هاوكات گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانە لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی و لەگەڵ جەنابی كونسووڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان و خێرومەندانی كوردستان پڕۆژەی جەژنی قوربانمان هەبووە. جێی خۆیەتی كە سوپاسی خەڵكی كوردستان و سەرمایەدارانی كوردستان بكەین، كە بەردەوام پاڵپشتیی پڕۆژەكانی خزمەتگوزایی مرۆیی دەزگایان كردووە، كە بتوانینبە دەستێكی پڕەوە لە خزمەت هاووڵاتییانی كوردستان و ئاوارە و پەنابەراندا بین”.
لە تەورێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و ڕێزدا مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی خێرخوازیی بارزانی، جەژنە پیرۆزەی لە ئاوارە و پەرنابەران كرد. گوتیشی: “سەربەرزین كە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوە بووە، لە رۆژە خۆشەكاندا ئاوارە و پەرنابەرانیش وەك هاووڵاتییانی كوردستان جەژنی خۆیان بكەنەوە”،
بەڕێز موسا ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش كرد، كە هێشتا پتر لە یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندان و، داوای لە هەموو باڵوێزخانە و كونسووڵگەری و دەوڵەتان و رێكخراوە هاریكاریبەخشەكان كرد، كە ئەوانیش لە خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران بەشدار بن، كە لە 35 كەمپ لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ كراون. جەختی لەوەش كردەوە كە هاریكاریی نێودەوڵەتی زۆر كەمی كردووە، بۆیە هیوای خواست ئەوانیش وەك مانگی سووری ئیماراتی پاڵپشتیی هاریكارییە مرۆییەكان بكەن”.
لە لای خۆیەوە بەڕێز، بەڕێز ئەحمەد ئەلزاهیری كونسووڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان، سەرەتا بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز، پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانان لە جیهان و بەتایبەتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد. هاوكات گوتی: “ئێمە بەردەوامین لە پڕۆژەی گۆشتی قوربانی وەكوو ساڵانی پێشوو، لە نێوان دەوڵەتی ئیمارات و لەسەر راسپاردەی بەڕێز شێخ حەمدان بن زاید ئالنهەیان و بە هاوكاریی مانگی سووری ئیماراتی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی. سوپاسی هەوڵە بەردەوامەكانیان دەكەین بۆ هاوكاریی ئاوارە و پەنابەر و میوانداریكردنیان لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوو. پڕۆژەكەش نزیكەی 80 هەزار كەس لێی سوودمەند دەبن. دڵنیاشم پڕۆژەی دیكە لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ خواپێداوان و خێرخوازان جێبەجێ دەكرێت، بۆ ئەوەی بۆ پێشكەشكردنی گۆشتی قوربانی كەسانی دیكەش بگرێتەوە”.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest