“ماوەی پێنج ساڵە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریمان دەكات. زۆر زۆر سوپاسیان دەكەین، كە ماوەیەكی زۆرە خزمەتی ئێمەیان كردووە. ئەو هاوكارییانە بۆ بەردامبوون لە خوێندنمان زۆر بەسوود بوون. من پۆلی 12م و داواكارم دەزگای خێرخوازیی بارزانی مامۆستای وانەبێژم بۆ دابین بكات، بۆ ئەوەی بتوانم بە كۆنمرەی بەرز لە لە زانكۆ وەر بگیرێم”.
ئەوە قسەی(ئەمینە. س)ی تەمەن 18 ساڵ بوو. ئەو خاتوونە گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوویتە مایەی هیوا و ئومێدمان و بەڕاستی كار و ماندووبوونیان جێگەی دەستخۆشییە و هیوادارین خوای گەورە بیانپارێزێت و لە خزمەتكردنی خەڵكی هەژار بەردەوام بن”.
(یوسرا. ع) دایكی منداڵی ئازیزە و دەست بۆ ئاسمان هەڵدەبڕێت و دەڵێت: “خوایە ئەوەی دڵی بێباوكان خۆش دەكات، دڵی خۆش و لەشی ساغ بكەیت. دەزگای خێرخوازیی بارزانی یارمەتی هەزارن دایكی داوە، كە هاوسەریان نییە و هاوكاریی كردوون، بۆ ئەوەی منداڵیان لە خوێندن دانەبڕن. ئێمە زۆر سوپاسی هاوكارییەكانیان دەكەین و هیوای بەردەوامی و تەمەندرێژییان بۆ دەخوازین”.
(سارا. س) كچێكی تەمەن 13 ساڵە و وەك خۆی باسی كرد، پۆلی حەوتی تەواو كردووە و ماوەی هەشت ساڵە خۆی و خوشكەكەی مووچەی ئازیزان وەردەگرن. خەونەكانی سارا زۆرن، بەڵام سەبارەت بە خەونی گەورەی دەڵێت: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئێمەی بردووە بۆ مەیدانی ئەسپسواری، لەو كاتەوە گەورەترین ئاواتم ئەوەیە ببمە راهێنەی ئەسپسواری و بەڕاستی دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەم، كە وەك باوك و برای دڵسۆز هاوكاریی جۆراوجۆریان كردووین”.
(بەڵێن. س) مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵە و دوو برای لە خۆی بچووكتری هەیە. ئاشكرای دەكات كە ماوەی حەوت ساڵە خۆی و براكانی لە پڕۆژەكانی ئازیزان سوودمەند بوون. هاوكات بە دڵگەرمییەكی زۆرەوە گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتی زۆری خەڵكی هەژاری كردووە. بەتایبەتی ئەو منداڵانەی كە باوكیان نییە و دایكیان بۆ دابینكردنی خەرجی خێزان زۆر ماندووە. هیوای گەورەمان هەیە، دڵنیایین بە پاڵپشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هیواكانمان بەدی دەهێنین”.
منداڵانی ئازیز و سەرپەرشتەكانیان زۆر بە هاوكارییەكانی خێرومەندان و هاوكاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی دڵخۆشن. هەموویان ئەو هاریكارییە مرۆییانە بەرز دەنرخێنن. ئەمساڵیش هاوكات لەگەڵ پێشوازیی لە جەژنی قوربانی پیرۆز، دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) بە هاوبەشیی مانگی سووری ئیماراتی و خێرومەندانی ناوخۆی كوردستان، بڕی(4،575،145) دۆلار بە سەر منداڵانی ئازیز (بێباوك) لە هەرێمی كوردستان و عێراق دابەش دەكات.
دابەشكردنی مووچەی ئازیزان بە هاوبەشی مانگی سووری ئیماراتی و كۆمپانیا و خێرخوازانی كوردستان بە فەرمانی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تا رۆژی جەژن بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی هەموو ئازیزێك مووچەكەی وەربگرێت و بتوانێت لە جەژنی قوربان سوودی لێ ببینێت. لەم بارەیەوە بەڕێز موحسین محەمەد ساڵح بەرپرسی یەکەی ئازیزان و بێهاوژینانی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی هاوكارییەكان لەم پڕۆژەیە گوتی: “لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕیارێكمان بۆ هاتووە، تا رۆژی پێش جەژنی پیرۆزی قوربان هەموو مووچەكان بەسەر ئازیزاندا دابەش بكەین. لەبەر ئەوەی بارودۆخیان زۆر سەختە و زۆربەیان رەنگە نەتوانن منداڵی خۆیان تەنانەت لە رۆژی جەژندا دڵخۆش بكەن، بۆیە دەبێت تا رۆژی پێش جەژن دابەشكردنی مووچەكان تەواو ببن و ئازیزانیش لانیكەم بتوانن هەندێك لە پێداویستییەكانیان دابین بكەن”.
ئازیزان(منداڵانی بێباوك) بە چاوی پڕ لە ئومێدەوە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڕوانن
Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest
نوێترینەکان
كار و چالاكییەكانی بهشی ئازیزان و بێهاوژینان لە دهزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2024
26/12/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »
لە دیداری ساڵانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ستراتیژیەتی درێژماوەی كاری پێنج ساڵی داهاتوو دەستنیشان دەكرێت
23/12/2024
هیچ لێدوانێک نییە
زیاتر »