دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارتی پەروەردە یاداشتی لێكتێگەیشتن بۆ ئەنجامدانی دوو پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە و دابینكردنی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆر واژوو دەكەن

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی((LDSی ئەمریكی و دەزگای خێرخوازیی (The Stirling Foundation) و رێكخراوی (Dutch Flower Stationary) رۆژی 1ی7ی2024 پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی 50 قوتابخانەی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان و دابینكردنی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆر بۆ 10 قوتابخانە لە پارێزگای هەولێر راگەیاند.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) و ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە رۆژی 1ی7ی2024 لە سەرۆكایەتیی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی ساز درا، پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی 50 قوتابخانە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان و دابینكردنی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆر بۆ 10 قوتابخانە لە پارێزگای هەولێر راگەیەندرا و یاداشتی لێكتێگەیشتن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە نێوان بەڕێزان سەرۆكی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی و وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژوو كران.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنێكیدا بۆ میدیاكاران” وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوون، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە گرینگییەكی زۆری بە بواری پەروەردە داوە و، هیچ ساڵێكیش نەبووە كە پڕۆژەیەكی كاریگەری لە هەموو سێكتەرەكان نەبێت. هاوكات سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكارییەكانی دە‌زگای خێرخوازیی(LDS)ی ئەمریكی و بەخشەران و هاوبەشانی خێرخواز و هاریكاریبەخش لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەربڕی. هاوكات گوتی: “سەربەرزین كە لە خزمەت پەروەردەدا بەردەوامین كە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی بووە و بەردەوام رێنمایی كراوین لە لایەن جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆڕدی دامەزرێنەرانی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی، هەروەها ئامۆژگارییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی بەردەوام تەئكید لەوە دەكاتەوە كە دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەی لە توانایدا بێت، ئەنجامی بدات بۆ هەموو ئەو پرسە گرینگانە و بەتایبەتی بابەتی پەروەردە، خزمەتكردنی منداڵانی شەهید و منداڵان بە شێوەیەكی گشتی و ئاوارە و پەنابەران. ئێمە سەربەرزین كە توانیومانە لەو ماوەیەدا پردێكی بەهێز بین لە نێوان رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، كەسایەتییەكانی كوردستان و بەتایبەتی وەزارەتی پەروەردە. جەنابی وەزیری پەروەردە دەزانن كە جێپەنجەی ئێمە دیار بووە، ئەمڕۆش كە لێرە كۆبووینەتەوە بۆ راگەیاندنی دوو پڕۆژەی گرینگ، كە پڕۆژەی یەكەم سیستەمی سۆلەرە وەكو تاقیكردنەوەیەك بۆ ئەو قوتابخانەیانە و ئێمە هەوڵمان داوە ئەركی حكومەتیش كەم بكەین، بە دابینكردنی 60 ئەمپێر كارەبا بۆ هەر قوتابخانەیەك بڕی 20 ملیۆن دینار تەرخان كراوە و وەكو سەرەتا 10 قوتابخانە لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن. هەروەها پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان كە ئەمساڵ بڕی 18 ملیۆن و 480 هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە”.
سەرۆكی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوەش كردەوە كە “دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی هەر لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا نزیكەی 8 ملیار دیناری لە رێگەی هاوبەشەكانیەوە بۆ بواری نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە و دابینكردنی پەڕاوگە و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندن تەرخان كردووە”. داواشی لە خێرومەندانی كوردستان كرد، لەو بوارەدا هاوكار و هاوبەش بن، لە بەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆری قوتابخانەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە. سەرۆكی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی لە كۆتایی وتەكانیدا سوپاسی تایبەتی ئاراستەی دەزگای خێرخوازیی((LDSی ئەمریكی كرد و بە هاوكاری سەرەكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناوی بردن هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازیی (The Stirling Foundation) و رێكخراوی (Dutch Flower Stationary) كرد كە لەو دوو پڕۆژەیە هاوبەشییان كردووە.
دواتر بەڕێز ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكارییەكانی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشەكانی لە سێكتەری پەروەردە، ئاماژەی بەوە كرد، دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی هاوبەشەكانی توانیویەتی بە بڕی زیاتر لە 8 ملیار دینار خزمەتی كەرتی پەروەردە بكات.
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوتیشی: “لە ماوەی كابینەی نۆیەم بە هیممەتی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ئەوەشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوومانە، توانیومانە ژمارەی قوتابخانەكانی سێ دەوامی لە 139 قوتابخانەوە دابەزێنین بۆ 11 قوتابخانە، ئەمڕۆش ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنە بۆ نۆژەنكردنەوەی 50 قوتابخانە واژوو دەكەین، كە بە دڵنیاییەوە بەشێك لە قوتابخانەكانی كەركووك و پارێزگای نەینەوا و ئەو قوتابخانەیانەی خوێندنی كوردی تێدایە دەگرێتەوە، لە هەمان كاتدا دابینكردنی 60 ئامپێر كارەبایە بۆ 10 قوتابخانە لە رێگەی وزەی خۆر ، كە تا ئێستا 63 قوتابخانە لە هەرێمی كوردستان كارەبای لە رێگەی وزەی خۆر بۆ دابین كراوە. رەزامەندیی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ دابینكردنی زیاتر لە 4 ملیار دیناری عێراقی بۆ ئەوەی 72 قوتابخانەی دیكە كارەبایان بە وزەی خۆر دابین بكرێت”.
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەشی كۆتایی وتەكانیدا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی و دەزگای خێرخوازیی((LDSی ئەمریكی و دەزگای خێرخوازیی (The Stirling Foundation) و رێكخراوی(Dutch Flower Stationary) كرد كە لەو دوو پڕۆژەیە هاوبەشییان كردووە.
لە بەشی كۆتایی راگەیاندنی پڕۆژەكەشدا یاداشتی لێكتێگەیشتن لە نێوان بەڕێزان سەرۆكی دە‌زگای خێرخوازیی بارزانی و وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی دوو پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی 50 قوتابخانە و دابینكردنی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆر بۆ 10 قوتابخانە واژوو كران.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest