بەشی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، لە ساڵی 2012 بە كرداری پڕۆژەی خزمەتكردن بە منداڵانی ئازیز (بێباوك) و بێهاوژینانی، بە پشتیوانیی خێرخوازانی ناوخۆ و دەرەكی، خستە واری جێبەجێكردن و ساڵ لە دوای ساڵیش بە ژمارەی ئازیزان و رێژەی هاریكارییەكان زیاتر بووە، بە جۆرێك كە تا 12\7\2023 ژمارەی ئازیزانی سوودمەند گەیشتووەتە 13،202 ئازیز، لە پڕۆژەی مانگی سووری ئیماراتی 7،130 ئازیز تۆمار كراون، 1،103 ئازیزیش لە چاوەڕوانیدان. لە پڕۆژەی كوردستان 3،384 ئازیز مووچە وەردەگرن. لە پڕۆژەی پۆڵەندا 48 ئازیز زامن كراون. سعودیە هاوكاریی نەختینەی بۆ 1،000 ئازیز و كوەیت بۆ 4،000 ئازیز دابین كردووە، كە تەنیا یەك جار و لە ساڵی 2017 بووە. ئازیزانی منداڵانی شەهیدانی داعش ژمارەیان 4،000 ئازیزن كە لە مووچە سوودمەندن.
سەرەڕای ئەوانەش بەشی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاریی خێرخوازان، پێداویستیی قوتابخانەی بۆ ئازیزان دابین كردووە، یەكەمەكان و قوتابیانی سەركەوتووی خەڵات كردووە، لە جەژنەكاندا جلوبەرگی نوێی بۆ ئازیزان كڕیوە و گوشتی قوربانی بە سەر خێزانی ئازیزاندا دابەش كردووە. لە بواری تەندروستییش، تەنیا لە یەك ساڵدا نەشتەرگەریی گەورە بۆ 15 منداڵانی ئازیز كراوە، كە تێچووی هەر كامیان لە سەرووی 10،000 دۆلاری ئەمریكی بووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە رێكەوتی 22\5\2023 گەورەترین پڕۆژەی پەروەردەیی بۆ منداڵانی ئازیز راگەیاند كە لە دوو بەش پێك دێت، بەشی یەكەم: ئەنجامدانی خوول و سیمینار و وۆرك شۆپ تایبەت بە منداڵانی ئازیز و سەرپرشتارانیان وە بەشی دووەم بریتیە لە مۆبایل ئەپڵیكەیشنی ئازیزان كە گەرەترین موبایل ئەپڵێكەیشنی پەروەردەییە لە ناوچەكەدا.
ئەم پڕۆژەیە(پەروەردەیی ئازیزان) بریتییە لە پڕۆگرامێکی تایبەتی، پەروەردەیی و راوێژکاری بۆ ئازیزان(منداڵانی بێباوك)، کە تیایدا تایبەتمەندییەکانی هەر تەمەنێک و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئازیز بۆ سەرپرشتیاران روون دەکرێتەوە.
ئامانجەکانی پڕۆژەی پەروەردەیی ئازیزان:
- بەرەوپێشەوەبردنی ئاستی رۆشنبیریی سەرپرشتیاری ئازیز لە گشت رووەکانی (نیشتمانپەروەری، دەروونی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی).
- بەرەوپێشەوەبردنی شێوازی مامەڵەکردنی سەرپەرشتیاری ئازیز لەگەڵ ئازیزدا.
- دۆزینەوەی توانا و لێهاتووییەکانی ئازیزان و گرنگیدان پێیان و هاوکاریکردنیان.
- چارەسەرکردنی گرفتە پەروەردەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئازیزان و خانەوادەکانیان.
پێکهاتەی ئەپڵیکەیشن:
- بەشی یەکەم ٢٠٠ ڤیدیۆی پەروەردەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەری لەخۆ دەگرێت.
- بەشی دووەم تایبەت دەبێت بە دۆزینەوەی بەهرە و لێهاتوویی و زیرەکیی ئازیز و دابینکردنی پێداویستی و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ داهێنان لە بواری خۆیدا.
- بەشی سێیەم تایبەت دەبێت بە راوێژکردن بە پسپۆڕانی بواری دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لە کاتی بوونی هەر گرفتێک و رێنماییکردنیان لە لایەن پزیشکی دەروونی و چارەسەرکاری دەروونی و رێنماییکارانی دەروونی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی.
- بەشی چوارەم تایبەت دەبێت بە پڕۆفایلی ئازیز
- بەشی پێنجەم تایبەت دەبێت بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
- بەشی شەشەم تایبەت دەبێت بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
باسکردنی گشت قۆناغەکان بە جیاواز، لەسەر بنەماکانی زانستی دەروونزانی و دەروونزانیی گەشە بەم شێوەیە:
- قۆناغی لەدایکبوون بۆ 2 ساڵی.
- قۆناغی 2 بۆ 6 ساڵی.
- قۆناغی 6 بۆ 9 ساڵی.
- قۆناغی 9 بۆ 12 ساڵی.
- قۆناغی 12 بۆ 21 ساڵی.
بەشی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، ئامادەكارییەكانی بۆ پڕۆژەی پەروەردەیی منداڵانی ئازیز تەواو كردووە و لە ئێستادا بەردەردەستن بۆ خزمەتكردنی ئازیزان.



