ساڵێك بەسەر كردنەوەی سەنتەری بارزانی بۆ رۆشنبیری و گەشەپێدان لە عەفرین تێدەپەڕێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، رێكەوتی 4\7\2023 لە عەفرین ناوەندێكی رۆشنبیری بە ناوی “سەنتەری بارزانی بۆ رۆشنبیری و گەشەپێدان” به‌ پاڵپشتیی رێكخراوی كاریتاسی شاری ئێسن كردەوە.
دوای گەیشتنی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ وڵاتی سووریا دوای ڕوودانی بوومەلەرزە لەو وڵاتە و گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری عەفرین كردەوە بۆ ئاسانكاری لە گەیاندنی هاوكارییەكان و دابەشكردنی بەسەر لێقەوماوان و هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە، دوای ئەوەی نووسینگەی عەفرین دەستی بە كارەكانی كرد و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی و بۆ ئەوەی گرینگی بە لایەنی فێركاری و پیشەیی هاووڵاتیانی ناوچەكە بدرێت، سەنتەری بارزانی بۆ رۆشنبیری وگەشەپێدان بۆ ئەو مەبەستە كرایەوە.
بەڕێز رەواج حاجی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسیەی عەفرین رایگەیاند: “سەنتەری بارزانی بۆ رۆشنبیری و گەشەپێدان هەموو چالاكییەكی رۆشنبیری و گەشەپێدان لە خۆی دەگرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی پەروەردەیی عەفرین خولەكانی پەروەردەیی و راهێنان جێبەجێ دەكرێت”.
بەڕێزیان ئاماژەیان دا بە كار چالاكییەكانی ئەم سەنتەرە و گوتی: “سەنتەری بارزانی بۆ رۆشنبیری و گەشەپێدان ساڵێكی خزمەتی تەواو كرد لە عەفرین دوای كردنەوەی بە شێوەیەكی فەرمی، لە ماوەی ئەو ساڵەدا كار و چالاكیی زۆر گرینگ ئەنجام دراون، بە تایبەتی خولی كردنەوەی زمانی كوردی لەسەر داواكاری پەروەردەی عەفرین و دواتر بڕوانامەیان پێدراوە بۆ ئەوەی بتوانن گرینگی بەو وانانە بدەن كە بە زمانی كوردی دەخوێندرێت، هەروەها كاركردن لەسەر منداڵانی بێ دایك و باوك”. گوتیشی: “سەنتەری بارزانی لە عەفرین ناوەندێكە هەموو كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لێ ئەنجام دەدرێت و جێگەی خۆی كردووەتەوە لەناو خەڵكی ئەو ناوچەیە بە هەموو چین و توێژەكان”.
بەڕێزیان ئاماژەیان دا بە فراونبوونی ئەو سەنتەرە و ئەو بایەخەی هەیەتی و هەر لەو بارەیەوە گوتی: “ساڵ بە ساڵ پڕۆژەكانی سەنتەری بارزانی بۆ رۆشنبیری و گەشەپێدان باشتر و فراوانتر دەبن و لە پلاندا هەیە لە ساڵی دووەمی تەمەنی بە پڕۆژەی زیاتر لە خزمەتی خەڵی عەفریندا بێت. لە ماوەی ئەو ساڵەدا چەندین خولی پیشەیی و پەروەردەیی كرانەوە و لە راهێنانی جۆراوجۆر چەندین كەس سوودمەند بوون، لەوانە خولی كۆمپیوتەر، خولی فێركردنی كاری دەستی، خولی وێنەكێشان و بنەماكانی وێنە و پۆرترێت، خولی چاككردنەوەی مۆبایل، خولی دروومان، خولی مۆسیقا، خولی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و كوردی بۆ مامۆستایان، كۆی گشتی ئەو خولانەی كە لە سەنتەری بارزانی بۆ رۆشنبیری و گەشەپێدان كرانەوە بریتین لە 18 خول و لەوانە 226 كەس (88 كچ و 72 كوڕ و 66 منداڵ) سوودمەند بوون.
لەم خولانەدا لە ماوەی ساڵێك چەندین لایەن سوودمەند بوون وەكوو پەیمانگای مەسار بۆ بەهرەمەندان، پەیمانگای راپەڕین و پەیمانگای ئاشنا و ئاواز و… هتد.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest