بەڕێوەبەری سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر، ئاماری كار و چالاكییەكانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دەخاتەڕوو.
سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر، سەنتەرێکی نیمچە خێرخوازییە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی بۆ خەلکی کەمداهات بێ بەرانبەر پێشکەش دەکات. لەم سەنتەرەدا چاودێری و ڕاهێنان و شیاندنەوە بۆ ئەو منداڵانە دەکرێت کە شەبەنگی ئۆتیزمیان هەیە. سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (مەسرور بارزانی) كە هاوکات سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی(دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یە دامەزراوە و مۆڵەتی کارکردنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
لەلایەن ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕی (848،598،000) دیناری عێراقی وەکو پاڵپشتیی دارایی بۆ ئەم سەنتەرە دابین کراوە. باڵاخانەی ئەم سەنتەرە لەلایەن مانگی سووری ئیماراتی دروست کراوە و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوە دەبرێت. هەوڵ دەدرێت لە داهاتوودا ئەم سەنتەرە ببێتە سەنتەرێکی خۆبەڕێوەبەر، لە ئێستاشدا بە یەکێک لە باشترین سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە عێراق و ناوچەکە دادەنرێت.
بەڕێز شامان جومعە نادر بەڕێوەبەری سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر، سەبارەت بە كار و چالاكییەكانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024 بە ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: “لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ (2024) زیاتر لە 98 منداڵ بە هەر دوو دەوامی بەیانیان و ئێواران ڕاهێنانیان وەرگرتووە. لە مانگێکدا منداڵانی بەیانییان 70 کاتژمێر ڕاهێنان وەردەگرن و لە دەوامی ئێوارانیش 40 کاتژمێر ڕاهێنان وەردەگرن.”
بەڕێوەبەری سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە هەولێر ئەوەشی خستەڕوو كە تا ساڵی 2024 زیاتر لە 60 منداڵ گەڕێندراونەتەوە نێو ناوەندەکانی خوێندن بە هەردوو ئاستی باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە هەردوو دەوامی بەیانییان و ئێواران، جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو بەرنامانەی لە پرۆسەی ڕاهێنان و شیاندنەوەی منداڵانی ئۆتیزم لە سەنتەرەكە کاریان پێدەکرێت، بریتین لە لۆڤاس پێکس (ABA TEACCH)، هەروەها لە ڕێگەی ڕێبەری هەڵسەنگاندنی کارامەییە بنەڕەتییەکانی فێربوون و زمان هەڵسەنگاندن بۆ کارامەییەکانی منداڵ دەکرێت و بەرنامەی پەروەردەی تاکی(IEP) بۆ هەریەک لە منداڵەکان دادەنرێت. تیمێکی پزیشکییش لە پسپۆڕییە جیاوازەکانی وەک (پزیشکی دەرونی، پزیشکی مێشک و دەمار، پزیشکی گشتیی منداڵان) حەفتانە لە نزیکەوە منداڵەکان دەبینن و چاودێریی تەندروستییان دەکەن. وەك باسی كرد، ساڵانەش گەشتی تایبەتی و چالاكیی جۆراوجۆر بۆ قوتابیانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم ئەنجام دەدرێت.

